گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە خەڵکی دڵنیا دەکاتەوە
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆنفرانسی دەرخستنی ستراتییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، باسی لە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و پرسی مووچە کرد.
گوتەبێژی حکوومەت بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاند: ”پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بودجە هەیە، چاوەڕێی ڕاسپاردەکانی لێژنە تەکنیکییەکان دەکەین، لێژنە هەیە لەبارەی بودجەیە، بابەتی بودجە ئێستا کە لەژێر گفتوگۆدایە، لەپێشینەیە. بابەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و بابەتی پێشمەرگە گرنگن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ناکات، بەڵکوو بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، ئەگەر بڕیار بێت، داهاتی نەوتەکە ڕادەست دەکات.
جووتیار عادل لەبارەی مووچە ڕای گەیاند: ”خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە مووچە هەیە و لەکاتی خۆی دەدرێت و هەموو هەوڵێکمان هەیە کە شایستەکانی خەڵکی کوردستان زامن بکرێت، نیازپاکیشمان نیشان داوە. خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێم زامنکردنی مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە“
دوێنێ سێشەممە ١ی ١٠ی ٢٠١٩ گوتەبێژی فەرمیی حکوومەت باسی لە بەردەوامبوونی پرۆسەی دابینکردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کردبوو.
باسنيوز
