نەجمەدین كەریم: دڵنیام كەركووك لەو دۆخەی ئێستەیدا نامێنێتەوە
نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك ڕايگەیاند "پەیامی من لەم ڕۆژەدا پیرۆزباییكردنە لە سەرۆك بارزانی، هەروەها لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و هەموو خەڵكی كوردستان، تەنانەت پیرۆزبایی لەوانەش دەكەم كە دەنگیان دا بە ڕیفراندۆم و دواتر پاشگەز بوونەوە".
ئاماژەی بەوەش كرد كە دەنگدانی خەڵكی كەركووك بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، هەموو ئەو قسانەی پووچەڵ كردەوە كە گوایە كەس لە ٢٥ی ئەیلوول ناچێت بۆ دەنگدان و كەركووكیش وەك بەرمیلە باروت دەتەقێتەوە.
نەجمەدین كەریم ئەوەشی خستەڕوو كە دڵنیایە كەركووك لەو دۆخەی ئێستەیدا نامێنێتەوە، ڕۆژی خۆشی و ئازادی بۆ كەركووك دێتەدی، هەروەها گوتی دڵنیایە مەبەستی ڕیفراندۆم لە كاتێكی نزیك یان دووردا هەر دێتە دی و بە كەس ناسڕێتەوە.
پارێزگاری كەركووك گوتیشی "كورد ڕیفراندۆمی خۆی كردووە و جارێكی دیكە نایكاتەوە، مەگەر ئەو ڕۆژەی پێویست بە بڕیارێك بكات".
هەروەها پێیوایە گرنگترین شت سەبارەت بە كەركووك و هەموو ئەو جێگایانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن، ئەوەیە كە دۆخی مەدەنی بگەڕێتەوە واتە پۆلیس و ئاسایشی خۆجێیی كە هەموو پێكهاتەكانی تێدا بێت، هەروەها دەبێ سوپا و حەشدی شەعبی بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
لەبارەی ڕێگرییەكانیش بۆ یادكردنەوەی ڕیفراندۆم لە كەركووك، د. نەجمەدین كەریم جەختی كردەوە كە هێشتا ئەو هێزەی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر كەركووكی داگیر كردووە هەر لە ناو شارە، ئەگەر ئەمڕۆ خەڵك بەتەما بێت ڕێگە بدرێ یادی ڕیفراندۆم بكەنەوە، ئەوە وەك خەیاڵە.
باسنيوز
