شەش پەرلەمانتار لەبەرامبەر بانگهێشتنەکردنی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ چین، ناڕەزایی دەردەبڕن

شەش پەرلەمانتار لەبەرامبەر بانگهێشتنەکردنی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ چین، ناڕەزایی دەردەبڕن
ٍشەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لەبەرامبەر بانگهێشتنەکردنی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ چین، ناڕەزایی دەردەبڕن و رایدەگیێنن: هیوادارین ئەم جۆرە رەفتارانە دووبارە نەبنەوە و چیدیكە خەڵكی هەڵەبجە بریندار نەكرێت.

ئەو شەش پەرلەمانتارەی پەرلەمانی کوردستان یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی رای گشتی و هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان کردووە و ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر فەرامۆشكردنی ئەم شارە دەردەبڕن، كە پارێزگارەكەی وەك نوێنەری پارێزگاكە لەگەڵ شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سەردانی وڵاتی چین بانگهێشتنەکراوە.

لە یاداشتنامەکەدا داوایەک ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەکەن و دەڵێن: "دواکارین لەڕێگەی لیژنەكانی دانوستاندنەوە دەستەبەری مافی پارێزگای هەڵەبجە بكەن و بیكەنە بابەتی سەرەكی و توێژەكانیان و چیدیكە خەڵكی هەڵەبجە بریندار نەكرێت".

عادل عەبدولمەهدی، بە یاوەری شاندێک بۆ واژۆکردنی کۆمەڵێک رێککەوتن لە چینە، لە شاندەکەدا ژمارەیەکی زۆر بەرپرس هەن کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵا و پارێزگارەنی عێراق و پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە (پارێزگاری هەڵەبجە). بانگهێشنەکردنی پارێزگاری هەڵەبجە بووەتە جێگەی ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتاران و خەڵکی پارێزگاکە.

دەقی یاداشتنامەی شەش پەرلەمانتارەکە

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بۆ/ رای گشتی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی پارێزگای هەڵەبجە

بابەت/ یاداشت

هەڵەبجە سونبولی ستەملێكران و مەزڵوومییەتی گەلێكی زیندووەو شاهێدیی مێژوویی زۆرداری سیستەمێكی خوێن مژەو ویژدان زیندووەكانیش ناتوانن لەم راستیە نكۆڵی بكەن.

لەم روانگەیەوە ئێمە كۆمەڵێك پەرلەمانتار لەپەرلەمانی كوردستان، وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتیمانی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین لە بەرامبەر فەرامۆشكردنی ئەم شارە كە وەك پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا نەكرا، بەتایبەت لە بانگێشت كردنی پارێزگارەكەی وەك نوێنەری پارێزگاكە لە شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی
عێراق بۆ سەردانی وڵاتی چین.

هیوادارین ئەم یاداشتە ببێتە یادخستنەوەیەك بۆ دووبارە نەبوونەوەی مامەڵەی لەم جۆرە، لێرەوە داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كە لە رێگەی لیژنەكانی دانوستانەوە دەستەبەری مافی پارێزگای هەڵەبجە بكەن و بیكەنە بابەتی سەرەكی وتوێژەكانیان و چیدیكە خەڵكی هەڵەبجە بریندار نەكرێت .

پەرلەمانتاران:

پێشەوا هەورامانی
سەرچنار ئەحمەد
بالانبۆ محەممەد كۆكۆیی
هەورامان گەچێنەیی
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی
شاخەوان رەئوف
23/9/2019
Top