دیالە.. ئەمساڵ نزیكەی 3200 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراوە
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی دیالە و پشتبەستن بە ئاماری دادگاكانی پارێزگاکە وەریان گرتووە، ئەو رێكخراوە جەخت لەوە دەكاتەوە ئەمساڵ 3180 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە تەواوی پارێزگای دیالە تۆمار كراوە.
ئەو رێكخراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 23 / 9 / 2019 جەحتی لەوە كردووەتەوە كە ئامارەكە لە رۆژی مانگی یەكەمی ئەمساڵ واتە 1 / 1 / 2019ەوە تاكوو 22 / 9 / 2019 تۆمار کراوە و پشتی بەتەواوی دادگاكانی دیالە بەستووە".
لەمبارەوە هەژار شەماڵ، سەرپەرشتیاری رێكخراوی لاڤە بۆ خێزانە لێكترازاوەكان، ڕايگەیاند: "ئێمە وەك پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ناتوانین بەواداچوون بكەین بۆ تەواوی ناوچە كوردستانییەكان، هەرچەند مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان هەیە، بەڵام بەو پێیەی كە كارمان ئاشتكردنەوەی خێزانە لێكترازاوەكانە، هێندەی بەدواداچوونمان كردبێ، بۆمان دەركەوتووە كە خراپیی باری ئابووری و بێكاری هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەی خێزانەكانە و دوای ئەوەش پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان".
باسنيوز
