سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەنوەر شێخانی دەکات

 سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەنوەر شێخانی دەکات


سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەنوەر شێخانی، هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، بڵاو دەکاتەوە.

لە پەیامەکەیدا، کە بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە دەستدانی ئەنوەر شێخانی بە ”خەسارەتێکی گەورە“ بۆ هەمووان دادەنێت.

سەرۆک بارزانی وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادە، کەسوکاری ئەو هونەرمەندە و رۆشنبیر و هونەرمەندانی کوردستان، هیوای سەبر و ئارامییان بۆ دەخوازێ.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-9-2019، هونەرمەند ئەنوەر شێخانی دوای ماوەیەک نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.

لە مانگی 7ـی ئەمساڵ، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە هونەرمەند ئەنوەر شێخانی کرد و رایگەیاند، ئەنوەر شێخانی ”ماندوونەناسانە و بە رۆحێكی نیشتمانپەروەرانە خزمەتی هونەری كوردستانی كردووە“.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی نیشتیمانپەروەر و ناسراوی شاری هەولێر ئەنوەر شێخانیمان پێ گەییشت. لەدەست دانی ئەو هونەرمەندە خۆشەویستە بۆ هەموو لایەكمان خەسارەتێكی گەورەیە.

بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو ئەنوەر شێخانی و هەموو ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی كوردستان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا لله و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

23ـی 9ـی 2019




باسنيوز
Top