لەبارەى ناردنى مووچەى پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە روونکردنەوە دەدرێت
د. ناسر هەرکى بڕیاردەرى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق راگەیاند: "دواى سەردانى سەرۆکوەزیرانى هەرێم بۆ بەغدا و نیشاندانى نیازپاکى حکوومەت بۆ گفتووگۆکردن لەبارەى کێشە کەڵەکەبووەکانى نێوان هەردوولا، شاندى دانووستاندنکار لەهەردوولا پێکهێنران بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان بەپێى دەستوورى هەمیشەیى عێراق،دەربارەى پرسى نەوت و مووچە و ناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوەى پێشمەرگە و پڕچەککردرنى پێشمەرگە و ناردنى مووچە بۆیان کە هەنگاوى باشى بڕیوە و لێک نزیکبوونەوەى باش لەنێوان هەردوولادا هەیە".
ناوبراو راشیگەیاند: "پرسى ناردنى مووچەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لەلایەن بەغداوە بە چڕى گفتووگۆى لەسەرکراوە بۆیە ئومێد هەیە بەم نزیکانە بگەنە رێککەوتن بۆ ناردنى مووچەى پێشمەرگە لەلایەن حکوومەتى ناوەندەوە".
بڕیاردەرى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەپێى یاساى بودجەى ساڵى 2019 حکوومەتى عێراق پابەندکراوە بەناردنى مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە لەچوارچێوەى وەزارەتى بەرگرى عێراق، بەبڕى 68 ملیار دینار بۆهەرمانگێک بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن وەزارەتى بەرگرى عێراقەوە بۆ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان نەنێرداوە".
