لە چەمچەماڵ کەسێک لەسەر "کوشتنی" حاجی لەقلەقێک دەستگیردەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی چەمچەماڵ هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانییەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیێنێت: "بەشی پۆلیسی دارستانی چەمچەماڵ توانیان تۆمەتبارێك لە نزیك چەمی باسەڕە دەستگیربکەن، کە باڵندەیەکی کێوی (حاجی لەقلەق) ی راوکردبوو، لەگەڵ دەست بەسەراگرتنی چەکێك لە جۆری (کڵاشینکۆڤ)".
پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانییە کراوەتەوە و رادەستی دادوەرکراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.
پۆلیسی دارستانی چەمچەماڵ ئاماژەیان بەوەداوە "لە کوردستان زۆربەی هاووڵاتیان هەست بە گرنگی و کاریگەری سرووشت دەکەن و بە گیانێكی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە دەکەن، بەڵام هەندێك لە هاووڵاتیان تەنها لەبەر حەزێكی تایبەتی خۆیان دەست دەخەنە سرووشت ژينگە و تێکیدەدەن، چ بە بڕینەوەی داری دارستانەکان یاخود تێکدان و شێواندنی تۆبۆگرافیای سروشت و ژینگە یان لە ناوبردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی".
لە سەرجەم بەش و بنکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی مەفرەزەکانیان لە گەڕان و پشکنیندان و رێگە لە هەرکەسێك دەگرن کە مەبەستی کاری نایاسای بێت و رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.
سرووشت و ژینگە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی هەیە، چ لەڕووی تەندروستییەوە یاخود بەخشینی دیمەن و سیمایەکی جوان و دڵگیر، ئەمانەش دەبنە هۆی ئاسودەبوونی ناخ و دەروونی مرۆڤ و هەروەها راکێشانی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتەی کە خاوەنی ژینگە و سرووشتێكی جوان و پاکژبێت.
