هێمن هەورامی: دەبێ هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی٩ی٢٠١٩ لە پەراوێزی سەردانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کە بۆ پیرۆزبایی سەردانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانیان کردبوو، گوتی: "ئێمە داوامان لە یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی کرد کە ئەوان لە وشیارکردنەوەی خەڵکدا ئەرکێکی ئێجگار گرنگیان لەسەرشانە، بەتایبەت لەو ئەرکە کۆمەڵایەتی و ئایینی و نیشتمانیانەدا کە دەتوانن لە پرسی پێکەوەژیان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەور بگێڕن".
ئاماژەی بەوەش کرد: "داوامان لە یەکێتیی زانایان کردووە لە نووسینەوەی دەستووردا بە هەمان شێوە هاوکارمان بن، چونکە دەستوور ئەوەندەی ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە، کەمتر ڕەهەندێکی یاسایی هەیە و داوامان لێکردن لە دروستکردنی ئەو زەمینە سیاسییەدا کە لەم چوار ساڵەدا یارمەتیدەرمان بن و دەبێ هەرێمی کوردستانیش ببێتە خاوەندی دەستوور، چونکە نەبوونی دەستوور وای کردووە دەستی لاوەکی بۆ مەترسی و هەڕەشەدانان لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کوردستان بێتە ئاراوە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "داوامان لێکردن ئەوانیش لە ئاست خۆیانەوە لەگەڵ ناوەندە ئایینی و دەسەڵاتەکانی بەغدا پەیوەندییەکانیان توندوتۆڵتر بکەن تاکوو ئەو فکرە و خیتابانەی دژی کوردستانن نەمێنن و لە انوەرۆک بەتاڵ بکرێنەوە و پێویستمان بە بانگەشەیەکی گشتی و دەستپێکردنی دامەزراندنی پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان هەموو لایەن و پێکهاتەکان هەیە".
باسنيوز
