لە کۆبانێ قەیرانی نیشتەجێبوون و خانووی کرێ سەریهەڵداوە

لە کۆبانێ قەیرانی نیشتەجێبوون و خانووی کرێ سەریهەڵداوە
هەرچەندە بەپێی ئامارەکان لەدوای شەڕی داعش نزیکەی 500 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە کۆبانێ دروستکراون، بەڵام بەهۆی چوونی ئاوارە لە ناوچەکانی دیکە بۆ کۆبانێ؛ نرخی خانوو و باڵەخانە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و قەیرانی نیشتەجێبوون دروستبووە.

زۆربەی ئەو کەسانەی روویان لە کۆبانێ کردووە دەیانەوێ خانوو بە کرێ بگرن، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی نرخی کرێ بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.

هاونیشتمانییەکیش دەڵێت، ماوەی سێ مانگە بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت بەکرێی بگرێت، بەڵام دەستی ناکەوێت، ئەوەی هەیە گرانە. بۆ بەکرێ گرتنی شوققەیەک ناچارە مانگانە 400 هەزار لیرەی سووری کرێ بدات کە دەکاتە نزیکەی 800 دۆلاری ئەمریکی. بەوەش خانووەکە هێشتا زۆر باش نییە بۆ ژیانکردن تێیدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کۆبانێ، لەدوای شەڕی داعش، 500 یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون و نرخی شوققەیەکیش لەو یەکانە لە 17 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات.

بەهۆی شەڕی داعشەوە زیاتر لە 75%ـی کۆبانێ ببوە وێرانە، و ئێستاش زیاتر لە 100 بەڵێندەر و کۆمپانیا کاری ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارە دەکەن.

گرانی نرخی شوێنی نیشتەجێبوون لەوشارە لەکاتێکدایە هێشتا 30%ـی خەڵکی کۆبانێ نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
Top