وەزیری ناوخۆ: سزای هەر کەسێک دەدەین تەقە لە بارەگای حیزبەکان بکات

وەزیری ناوخۆ: سزای هەر کەسێک دەدەین تەقە لە بارەگای حیزبەکان بکات
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر کەس و لایەنێک لەپشت تەقەکردن لە بارەگای حیزبەکان بێت، سزادەدرێت و دەدرێتە دادگا.

لە چەند رۆژی رابردوو و دوای "رێگریکردن لە هاتنی مەحموود سەنگاوی" لە بازگەیەکی سماقووڵی، تەقە لەبارەگاکانی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی و هەولێر کرا و ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی تەقەکردن لە بارەگای حیزبەکان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەر کەسێک پێچەوانەی یاسا بجوڵێتەوە و بێڕێزی بەرامبەر بارەگاکان بکات، ئەوە پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لەبەرئەوە هەر کەس و لایەنێکی لەپشتبێت دەبێت بەپێی یاسا چارەسەربکرێت و تاوانباران بدرێنە دادگا".

سەبارەت بە رووداوەکەی سماقووڵی و رێگریکردن لە مەحموود سەنگاوی، رێبەر ئەحمەد گوتی: "رووداوەکە هیچ دەستێکی لەپشتەوە نەبووە و چارەسەردەکرێت، هەروەها لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ لایەنەکان هەیە".

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی رێگەگرتن لە مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڵاودەکاتەوە و رایگەیاند: رووداوێکی نەخوازراو روویداوە کە ھیچ بڕیار و راسپاردەی لە پشتەوە نەبووە.

رۆژی پێنجشەممە تەقە لە لقی چواری پارتی لە سلێمانی کرا، ئەگەرچی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، بەڵام گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی گوتی: دەیانەوێت رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان تێکبدەن.

دوای ئەم رووداوەش. شەوی هەینی (20-9-2019)، تەقە لە کۆمیتەی چوار و پێنجی یەکێتی لە هەولێر کرا، بەڵام جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
Top