قەرتەپە.. داوای گەڕانەوەی كورد و سەقامگیری بۆ سنوورەكە دەكرێت

قەرتەپە.. داوای گەڕانەوەی كورد و سەقامگیری بۆ سنوورەكە دەكرێت
بەرپرسێكی پارتی لە قەرەتەپە ڕای دەگەیەنێت عەرەبە سوننەكان داوای گەڕانەوەی كورد و دابینكردنی سەقامگیری بۆ قەرەتەپە دەكەن.

كەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە قەرەتەپە ڕايگەیاند: "لەوانەیە تەنیا دوو یان سێ ماڵی كورد لە ناو ناوەندی شارەكەدا مابن، هەموویان موڵكەكانی خۆیان دەفرۆشن و ڕوو دەكەنە شارەكانی دیكە، چونكە دۆخەكە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە ناسەقامگیرە و لەبەر باری ئەمنی ناتوانن لەوێ بمێننەوە و پێیان قبووڵ ناكرێ لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا بن“.

بەرپرسەكەی پارتی باس لەوەش دەكات میلیشیاكانی حەشدی شەعبی جگە لەوەی ناتوانن و پێیان ناكرێ سەقامگیری بۆ خەڵك دابین بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆیاندا ناكۆكن و پێكەوە نایانكرێ، بۆ نموونە حەشدی شەعبی لەگەڵ عەسائیب نایكرێ، عەسائیب لەگەڵ سوپا پێكەوە ناكۆكن.

كەمال ئیبراهیم هاوكات هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم بە گرنگ دەزانێت و گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە ئەگەر هێزی پێشمەرگە و سوپا پێكەوە بە هاوبەش لەو ناوچانە لەبری ئەم هێزی ئێستا هەبن، ئەوا ئەو خەڵكە كوردەی كۆچیان كردووە، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، جیا لەوەش عەرەبە سوننەكان داوای گەڕانەوەی كورد و سەقامگیری بۆ ناوچەكە دەكەن".

ڕوونیشی كردەوە كە ئێستا میلیشیای عەسائیب لە شارۆچكەی جەبارە سەرقاڵی ناونووسینی خەڵكن و بینایەكی ڕەوزەیان كردووەتە بارەگا بۆ خۆیان.












باسنيوز
Top