کەرنەڤاڵێکی جەماوەری لە لەندەن لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ساز دەکرێت
خەسرۆ ئاژگەیی، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لەندەن، لە ئاگادارییەکدا بۆ رەوەندی کوردستانی، رایگەیاندووە، کەرنەڤاڵەکە کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 21-9-2019 لە ناوەڕاستی لەندەن، بەڕێوە دەچێت.
کەرنەڤاڵەکە بە هەماهەنگیی ژمارەیەک حزبی چوار پارچەی کوردستان لە ناوچەی تڕافالگەر سکوێر Trafalgar Square ساز دەکرێت.
خەسرۆ ئاژگەیی داوای لە کوردانی بەریتانیا کردووە بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی کەرنەڤاڵەکە بکەن، بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە مێژووییەی گەلی کوردستان.
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، هاووڵاتییانی باشووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، دەرکەوت زیاتر لە %92ـی هاووڵاتییانی کوردستان دەیانەوێ کوردستان لە عێراق جیا بکرێتەوە و سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە سەرۆک بارزانی رێبەرایەتی و جەختی لەسەر ئەنجامدانی دەکردەوە، بە ڕای زۆرینەی سیاسەتمەدارانی کورد رووداو و شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەیی بوو لە مێژووی گەلی کوردستان و تا هەتایە کوردستانییەتی کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکان دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی سەلماند.
ناونیشانی گردبوونەوەکە:
Trafalgar Square, Charing Cross, London WC2N 5DN
نزیکترین وێستگەی ئەندەرگڕاوەند:
Charing Cross, Northern and Bakerloo Lines
باسنيوز
