جەبار یاوەر: بەبێ هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق ناوچە كوردستانییەكان سەقامگیر نابێت
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕايگەیاند: "تەنیا گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ دروستكردنی هێزی هاوبەش هەیە، هێشتا نەگەیشتووینەتە ڕێككەوتنی فەرمی، دوو كۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە كراوە".
ڕوونیشی كردەوە: "تێگەیشتنی هاوبەش بۆ دامەزراندنی هێزی هاوبەش و ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام ئەوە تا ئێستا نەبووەتە بڕیار و میكانیزمی بۆ دانەڕێژراوە".
جەبار یاوەر ئاشكراشی كرد: "بەم نزیكانە شاندێكی لێژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر دەكات، بۆ گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو لێكتێگەیشتنە بۆ كاری هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان".
ئەمینداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەیی خۆیانی بۆ پێكهێنانی هێز و كاری هاوبەش لەگەڵ لایەنی عێراقی دەربڕی و گوتی: "وەك وەزارەتی پێشمەرگە ئەوپەڕی ئامادەییمان تێدایە بۆ دامەزراندنی بنكەی هەماهەنگی و ژووری هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام دەمێنێتەوە سەر هەڵوێست و هاتنە پێشەوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق".
جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەش كرد: "بە ئەزموون دەركەوتووە بەبێ هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە هیچ شێوەیەك هەلومەرجی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم دروست نابێت".
هاوكات گوتیشی: "بەڵگەی زیندوو هەیە كە هەلومەرجی ئەمنی دروست نابێت، ئاماری تیرۆرستی داعش لە ساڵی ٢٠١٨دا لەو ناوچانە (٤٥٦) كردەوە بوون، كە بەهۆیانەوە (٧٢٦) كەس كوژراو و بریندار بوون و ڕفێندراون، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ش تا كۆتایی مانگی ٨ی، (١٨١) كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دراون، كە بەهۆیانەوە (٨٥٦) كەس كوژراو و بریندار و ڕفێندراون، ئەمەش بەڵگەیە كە داعش لەو ناوچانە گەشەی كردووە، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی توندوتۆڵ لە نێوان هەردوولادا هەبێت".
باسنيوز
