وەزیری پلاندانان: دەبێ بۆ سەرژمێری دۆخی عێراق ئاسایی بكرێتەوە
لە پرێس کۆنفرانسێکدا دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێم گوتی: "لەگەڵ وەفدێكی حكوومەتی عێراق كۆ بووینەوە كە مەهدی حەلاق راوێژكاری سەرۆكوەزیران و د. زیا سەرۆكی دەستەی ئاماری عێراق تێیدا ئامادە بوون، لەو كۆبوونەوەیەدا مەترسییەكانی خۆمان وەك هەرێمی كوردستان لەبارەی سەرژمێرییەكە كە وابریارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، خستە ڕوو".
گوتیشی: "ئەو مەترسییانەی هەمانە نەك ئێمە، بەڵكوو برایانی توركمان و سوننەكان و كریستیانەكانیش لێی دەترسن، چونكە ئێستا دۆخی عێراق جێگیر و ئاسایی نییە، بۆیە ئەگەر ئەو سەرژمێرییە لە دۆخێكی ئاساییدا بكرێت ئێمەش پشتیوانیی لێ دەكەین، چونكە سەرژمێرییەكانی دیكەی عێراق لە دۆخی نائاساییدا كراون، بۆیە هیوادارین ئەم سەرژمێرییە لە دۆخێكی ئاساییدا بكرێت".
دواتر خالید شوانی، وەزیری كاروباری هەرێم گوتی: "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لاریمان نییە لە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا، بەڵام لەم دۆخەی ئێستا ئێمە نیگەرانین و نامانەوێ بەم شێوەیە بكرێت كە ئێستا حكوومەتی عێراق دەیەوێ، بۆیە بە هیوای ئەوەی كە ئەو ئامادەكارییەی كە هەیە لەبارەی سەرژمێری لەباری هونەری و لۆجستییەوە تەواو دەبن و دواتر لایەنی سیاسیش كاری لەسەر دەكرێت، چونكە ئەو سەرژمێرییەی هەیە كاریگەریی لەسەر داهاتووی كاری حكوومەتەكانی هەرێم و بەغدا دەبێت، بۆیە ئەو لیژنەیەی كە كاری سەرژمێرییەكە دەكات، دەبێ ئەو مەترسییانە بڕوێنرێنەوە و ئەو دانیشتوانە رەسەنەی هەیە لە ناوچەكاندا ئەوان تۆمار بكرێن، ئێستاش دوای ئەم كۆبوونەوەیەی ئێمە چاوەڕوانی كۆبوونەوەكانی داهاتووی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكەین كە ئاخۆ ئامادەكارییە لۆجستییەكان لەو چوارچێوەیەدا چۆن دەبێ و دواتر بە راپۆرتێك دەخرێتە بەردەم هەردوو حكوومەت كە ئامادەكارییەكان چۆن دەبن و چی دەكرێت و ئێمەش چ بڕیارێك دەدەین".
دواتر د. مەهدی حەلاق راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوە كرد: "ئێمە بەپێی ئەو كاتەی لەبەردەستمانە كار دەكەین بۆ سەرژمێریی عێراق كە بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا بكرێت و هەموو ئەو بوارانەش لەبەرچاو دەگرین كە هەندێك ناوچە دەبێ مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ بكرێت و ئەو ناوچانە بەپێی راسپاردە نێودەوڵەتییەكان كاری لەسەر دەكەین، چونكە ئەو لیژنە ئامادەكارییەی ئێستا كار دەكات، شارەزایانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیمان لەگەڵدایە".
گوتیشی: "ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەكی گەورە و گرانە و پێویستمان بە كات هەیە بۆ ئامادەكارییەكان كە ئێستا بەڕێوە دەچێـت تا كۆتایی مانگی دەی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەڵام پێویستمان بە هاوكاریی سیاسی هەیە".
باسی لەوەش كرد: "سەرژمێری گشتیی لە وڵاتان بەپێی بەرنامەی پێنج یان دە ساڵی دەبێ و لە وڵاتانی پێشكەوتوو بە شێوەیەک دەكرێت كە رۆژانەیە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین كە ئەم سەرژمێرییە بە پاكترین شێوە ئەنجام بدەین".
د. زیا سەرۆكی دەستەی ئاماری عێراق لەمبارەوە گوتی: "ئێستا بنەما سەرەكی و گشتییەكانی ئەم پرۆسەیە داڕێژراون و كاریان لەسەر دەكەین و هەموومان بە یەكەوە كار دەكەین و بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوە دەچن و پەیوەندیی تەواومان لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێم و وەزارەتی پلاندانانی هەرێم هەیە. دیارە ئەو پرۆسەیە چەند ساڵێك دوا خراوە، بەڵام هیوادارین ئەمساڵ ئامادەكارییەكان بكرێن و ساڵی داهاتوو پرۆسەكە بەرێوە بچێت".
باسنيوز
