هێڤیدار ئەحمەد: تەسلیم نابم

هێڤیدار ئەحمەد: تەسلیم نابم
پرۆژەکەی هێڤیدار ئەحمەد لەبارەی مەترسی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و پێویستیی خستنەوەی منداڵی زیاتر تاوەکو ژمارەی دانیشتووان زیاتر بکرێت، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، خۆیشی دەڵێت "تەسلیم نابم و پڕۆژەم ھەیە بو گەورەکردنی ئەو بیرۆکەیەی خستوومەتەڕوو".

رۆژی سێشەممە 17-9-2019 هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییەکانی کەمبوونەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پێشکەشکرد و لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان خوێندیەوە.

پرۆژەکە هەرزوو کاردانەوەی لێکەوتەوە و لە سۆشیاڵمیدیا رای جیاوازی لەسەر درا. لە راپرسییەکیشدا بە پرسیاری پشتگیری لە پرۆژەکەی هێڤیدار ئەحمەد دەکەی بۆ خستنەوەی منداڵی زیاتر لەپێناو زیادکردنی رێژەی کورد لە عێراق؟ 68% دەنگی نەخێریان داوە و لە بەرامبەردا 32% پشتگیری پرۆژەکەی دەکەن.

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری کوردستان لەبارەی ئەو رەخنانەی لە پرۆژەکەی دەگیرێن نووسیویەتی: "من بەرۆژی رووناک لەبەردەم ھەڵبژێردراوانی گەلی کوردستان گوتم (مەترسییەکی گەورە لەسەر خەڵک و ئایندەی کوردستان ھەیە) کە گەر وا بڕوات لە ساڵانی داھاتوو ژمارەی مردووەکان زیاتر دەبێ لە ژمارەی لەدایکبووان. ئەمە پەیوەندی بە نەتەوەی کوردەوە ھەیە".

ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان دەڵێت: "عێراق زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی کوردستان ھەژمار ناکات، لە داھاتوودا وا بڕوات دەبینە کومەڵگەیەکی پیر و گەنجمان نامینێت. عێراق وەکو ژمارە مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەکات نەک وەک قەوارەیەکی سیاسی، ئێمە گەلێکی ھەڕەشە لێکراوین، پێویستە خۆمان راگرین. لە بودجەدا عێراق مامەڵەی ژمارە لەگەڵ ئێمە دەکات نەک وەک قەوارە و نەتەوەیەک".

هێڤیدار ئەحمەد زیاتر روونکردنەوە لەسەر پرۆژەکەی دەدات و دەڵێت: "پێویستە حکومەت ھاوکاریی ئەو خێزانانە بکات کە 5 منداڵ و سەرووی 5 منداڵیان ھەبێ. قەت نەمگوتووە خێرا خێزانەکان بیکەنە 5 منداڵ!. بەڕاستی ھەڕەشەیەکی جیدی لەسەر ئێمە ھەیە و نابێ تەنیا بیر لە ئێستای خۆمان بکەینەوە بەڵکو دەبێ بیر لە 10 بو 15 ساڵی دیکە بکەینەوە. میللەتێکین وا بڕوات و چارەسەری نەکەین، مەترسی لەنێوچوونمان ھەیە".

سەبارەت بە رەخنەکان دەڵێت: "من تەسلیمی ئەوانە نابم کە بەبێ ئەوەی بیر بکەنەوە قسە دەکەن و گوتاری درێژ دەنووسن. داوا دەکەم بە عەقڵ و مەنتق بیر بکەنەوە. دڵنیابن پڕۆژەم ھەیە بو گەورەکردنی ئەو بیرۆکەیەی خستوومەتەڕوو. خەڵک من بە نەزان و بە هەرچییەک ناو ببەن ھەر تەسلیمیان نابم. چونکە بەڕاستی مەترسییەکی زۆر جیدی لەسەر گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان ھەیە.

هێڤیدار ئەحمەد لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا نووسیویەتی: "خەڵک ئازادە چی بڵێ با بڵێن".
Top