نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان هەواڵێک رەتدەکاتەوە

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان هەواڵێک رەتدەکاتەوە
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان هەواڵی "دامەزراندنی خەڵک بۆ کەسێک لەپێناو ئەوەی ببێتە پارتی" رەتدەکاتەوە و بە هواڵی چەواشەکارانە ناوی دەبات کە پێیوایە "زادەی خەیاڵی نەخۆشی خۆیانە".

لە یەکێک لە رۆژنامەکاندا هەواڵێک بڵاوبووەتەوە، گوایە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە کەسێک داوە ئەگەر ببێتە پارتی چەندین کەسی بۆ دادەمەزرێنێت و دەیکاتە ئەندامی سەرکردایەتی.

لە بەرامبەردا نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: "لەکاتێکدا کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان شێلگێرانە سەرقاڵی گرتنەبەری رێکاری زیاتری خزمەتی ھاووڵاتیانە، ھەندێ دەزگای نابەرپرسی میدیایی لە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا سەرقاڵی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ھەواڵی چەواشاکارانەن و بە تایبەت ھەوڵ دەدەن ناوی سەرۆکی حکومەت ئاوێتەی ئەم ھەوڵە نابەجێیانەیان بکەن".

لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: "لە میانەی ئەو ھەڵمەتەدا و لە دوا ھەوڵیان ناوی کەسێکیان ھێناوە کە گوایە حیزبێک دادەمەزرێنێت و بەڵێنی دامەزراندنی خەڵکیان بۆ دراوە. سەر لە بەری ئەم ھەواڵانە زادەی خەیاڵی نەخۆشی خۆیانە و جێگەی داخە کە توانای ماددی و مرۆیی کوردستان دەخرێتە ناو دەزگای چەواشەکاری ناپرۆفیشناڵ".
Top