محەمەد شوكری: له‌مه‌ودوا پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت ده‌بن

محەمەد شوكری: له‌مه‌ودوا پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت ده‌بن
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان ڕایگەیاند، هانی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان ده‌ده‌ن كه‌ له‌مه‌ودوا پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژاران بێت. ده‌شڵێت، كێشه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونیان چاره‌سه‌ر كردووه،‌ كه‌ پێشتر گرفتیان له‌سه‌ر بوو.

د. محەمەد شوكری ڕاگه‌یاند: "له‌مه‌ودوا ئه‌ولیاتی كاره‌كانمان لە پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبووندا بۆ هاووڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ته‌. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ هانی وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌ده‌ین كه‌ پڕۆژه‌كانیان به‌ قیستی درێژخایه‌ن و كواڵێتیی باش و نرخی گونجاو دروست بكه‌ن و بیده‌ن به‌ كرێنشینان و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت."

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ پێشتر یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان له‌و‌ پرۆژانه‌ كڕیبوو كه‌ كێشه‌یان تێدابوو، ئێستا کێشەی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كیان چاره‌سه‌ر كراوه‌ و كاری جددی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی دیكه‌ش چاره‌سه‌ر بن و هاووڵاتیان مافی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌."

ڕایشیگه‌یاند: "ئێستا چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێك پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش به‌ ده‌ستەی‌ وه‌به‌رهێنان كردووه‌ و ده‌سته‌ش دیراسه‌ی پرۆژه‌كان ده‌كات، دواتر مۆڵه‌تی كاركردنیان پێ ده‌درێت."
Top