ئەنجوومەنی وەزیران ئاسانکاری بۆ دانەوەی قەرزی جووتیاران دەکات

ئەنجوومەنی وەزیران ئاسانکاری بۆ دانەوەی قەرزی جووتیاران دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی لەبارەی: رێکخستنەوە و هاوئاهەنگی لە دەروازە سنوورییەکان، ئاسانکاری دانەوەی قەرزە کشتوکاڵییەکانی جووتیاران و دەستنیشانکردنی ئەو پرۆژە یاسایانەی پێویستە لەم وەرزەی یاسادانان بنێردرێنە پەرلەمان، دەرکرد.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێکخستنەوە و هاوئاهەنگیکردن لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێندرێت بۆ یەکەوەبەستنەوەی دەروازە گومرگییەکان بەئامانجی رێکخستنەوە و باشترکردنیان.

بڕگەی دووەمی کۆبووەنەوەکەش تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی قەرزە کشتوکاڵییەکان کە بڕی 222 ملیار و 533 ملیۆن دینارە و هەشت هەزار و 868 جووتیار لێی سوودمەند بوون. ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دارایی راسپارد بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی بۆ چۆنیەتی گێڕانەوەی قەرزەکان بە شێوەیەک لەگەڵ بار و گوزەرانی جووتیاران بگونجێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی یاسایی پێکبهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پرۆژە یاسایانەی کە پێویستە لەم وەزرە یاساییەدا بنێردرێنە پەرلەمانی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لە بارەی پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی (پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزری) کرد. کە تایبەتە بە پاراستنی خاوەن مافە هزرییەکان لە بوارەکانی هونەری، بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵی. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کە کاری پێویست ئەنجامبدەن.
Top