مەلا بەختیار هۆشدارییەکی توند لەبارەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییەوە دەدات
دوێنێ سێشەممە ١٧ی ٩ی ٢٠١٩، لە میانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک کادیری کۆمیتەی (شۆڕش)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە کە ماوەیەکە وازی لە کۆبوونەوەکانی حزبەکەی هێناوە، هۆشداریی توندی داوە.
لە قسەکانیدا کە ناوەڕۆکەکەی لە پێگەی تایبەتیی مەلا بەختیار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کراوەتەوە، مەلا بەختیار بەپێویستی زانیوە، یەکێتییەکان بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
ڕوونیشی کردووەتەوە: ”لە کاتێکدا رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن نەماوە و لێپێچینەوە نەماوە، پێویستە كۆنگرەیەكی بێ تەوافوق و كۆنگرەی گۆڕانكاری ببەستین“.
مەلا بەختیار لە هۆشدارییەکەیدا دەڵێت: ”ئەگەر كۆنگرەی تەوافوق بكەین، ئەوا شكۆی یەكێتی دەنێژین“.
لەلایەکی دیکەوە دانا سەعید سۆفی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتى ڕايگەیاند: "لەنێو یەکێتیدا تێگەیشتنێک ھەیە لەسەر ئەوەی کە گرنگە چینی گەنج بێتە پێشەوە و یەکێتی بەڕێوەبەرن".
هاوکات ئەگەرێکی مەترسیداری لەنێو حزبەکەی ئاشکرا کرد و رای گەیاند: ”ئەگەر یەکێتی بیەوێ لەگەڵ ئەو بارودۆخەی ئێستادا خۆی بگونجێنێت، پێویستی بەوەیە پانتاییەکی فراوان بدات بە گەنجان لە بەڕێوەبردنی یەکێتی، ئەگەر یەکێتی لەم کۆنگەرەیەدا گەنج نەھێنێتە پێشەوە، تووشی کارەساتی گەورە دەبێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر گەنجان نەبرێنە پێشەوە، ئەوا ”ھیچ ئومێدێکیان نامێنێت کە خۆیان بە لایەنگری یەکێتی دەزانن و بێھوودە دەبن لەکارکردن بۆ حزبەکە و متمانەیان کەم دەبێتەوە، دواجار ئەوەش بەزیانی یەکێتی تەواو دەبێت".
بەپێی بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتی، لە ڕۆژی ٧ی ١٢ی ٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەبەسترێت.
باسنيوز
