پێنج قوتابخانەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر دادەخرێن

پێنج قوتابخانەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر دادەخرێن
ماوەی چەند ساڵێک بوو منداڵانی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان دەیانتوانی لە باشووری کوردستان بە پرۆگرامی خۆیان پەرە بە خوێندن بدەن، بەڵام بەهۆی راگرتنی هاوکارییەکان لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمساڵ پێنج قوتابخانەی منداڵانی رۆژئاوا لە هەولێر داخران.

ئەو قوتابخانانەی بڕیاری داخستنیان دراوە: قوتابخانەی گرێسپی لە شارۆچکەی دارەتوو، قوتابخانەی سەرێكانێ لە سێبەردان، قوتابخانەی بەدرخان لە شاوێس و قوتابخانەی دیلۆک لە قەزای بنەسڵاوە (دەشتی هەولێر) قوتابخانەیەکی دیکەش لە سنووری کەسنەزان.

بەپێی زانیارییەکان بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چیدی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی یونسێف ناتوانن هاوکاریی ماددی ئەو قوتابخانانە بکەن.

مامۆستا سابیر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر راگەیاند "پێنج قوتابخانەی تایبەت بە قوتابییانی رۆژئاوای کوردستان لە سنووری پەروەردەی دەشتی هەولێر دادەخرێن و تەنیا قوتابخانەکانی نێو کامپەکان دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی دیکەی تایبەتن بە کوردانی رۆژئاوا و لە دەرەوەی کەمپەکانن، دادەخرێن".

لە هەرێمی کوردستان 32 هەزار و 900 قوتابیی رۆژئاوای کوردستان هەن، کە 16400 قوتابی لە هەولێر، 4000 قوتابی لە سلێمانی و 12 هەزار و 500 قوتابی دیکەش لە دهۆکن.
Top