"سبەی ھەرێم و بەغدا دەربارەی پڕۆسەی سەرژمێری کۆ دەبنەوە"
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "سبەی شاندێکی حکوومەتی عێراق دەگەنە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان دەربارەی خۆئامادەکردن بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کۆ دەبینەوە، بەتایبەتی بەغدا ھەندێ ھەنگاو لە پێش ئێمەوەیە، دەمانەوێت ئێمەش لەگەڵ ئەوان ھەنگاوەکان یەک بخەین و دەست بە کار بکەین بۆ بەڕێوەبردنی سەرژمێریی گشتی."
سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم گوتیشی: "کێشەی تەرخانکردنی بودجەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری ھەیە و لە ڕۆژانی ئایندەدا لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندان و داراییی عێراق و وەزارەتی داراییی ھەرێمی کوردستان ئەو ئاستەنگانە چارە دەکەین کە لەبەردەم ڕەوانەکردنی بەشەبودجەی ھەرێمدا هەن."
سیروان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە ژمارەیەک لیژنەی لاوەکی پێک بێن بۆ ئەوەی دەست بە ھەنگاوەکان بکەن بە مەستی خۆئامادەکردن بۆ بەڕێوەبردنی سەرژمێریی گشتی لە ساڵی ئایندەدا، چونکە ئەو لیژنە لاوەکیانە پێویستە دەست بە کاری خۆیان بکەن و ڕێوشوێنەکان بگرنە بەر بۆ ئەوەی قۆناغەکان ببڕین و ئامادەکاریی تەواو بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا."
