بەڕێوەبەرێکی دیکە لە گەرمیان دەستگیردەکرێت
موقەدەم علی جەمال قەدووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە، عومەر محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 307 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە".
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ماددەی 341 باس لەوە دەکات، هەر فەرمانبەرێک یان راسپێدراوێک بۆ خزمەتی گشتی بەهۆی هەڵەیەکی گەورەی خۆیەوە زیانی گەورە بە سامانێک یان بەرژوەندی ئەو لایەنە بگەیەنێت کە کاری تێدا دەکات دەستگیردەکرێت، هەروەها ماددەی 307یش باس لە وەرگرتنی بەرتیل و رەزامەندینیشاندان بۆ دیارییەک یان سوودێک یان دیاریکردنی شتێک دەکات.
بە گوتەی عەلی جەمال قدووری، ئێستا ئەو بەڕێوەبەرە لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان راگیراوە، دۆسیەکەی لە دادگای دەستپاکی گەرمیانە.
دەستگیکردنی ئەو بەڕێوەبەرە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیرکرا و گوتەبێژی پۆلیسیش رایگەیاند: لەسەر بڕیاری دادگەی دەستپاکی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی دەرچووە و ئێستا دۆسیەکەی لای پۆلیسە تاوەکو یەکلایی دەکرێتەوە، دەستبەسەردەبێت.
حوسێن ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیانە و رەتیدەکاتەوە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون راست بن و رایگەیاند: "ئەوەی لەبارەمەوە گوتراوە هیچی راست نییە".
حوسێن ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان راگەیاند: "ئەو دۆسیەی لەسەری راگیراوم پەیوەستە بەو جگەرە بەسەرچووەی کە مانگێک لەمەوبەر لە پەروێزخانەوە هێندرایە سنووری گەرمیان و ویستیان ساخیبکەنەوە، بەڵام ئێستا گوایە بەشێک لە جگەرەکە دیارنەماوە و منی پێ تۆمەتباردەکرێت".
پێشتریش بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان لەسەر هەمان کەیس راگیرابوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە.
