سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان دەكات
ئه‌مڕۆ سێشەممە 17ی ئه‌یلوول، لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران، وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان، پێزانینی خۆی بۆ قوربانیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان راگەیاند، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بە باشی لە ئێش و ئازارەكانی گەلی كوردستان گەیشتووە، خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بەو پێشڤەچوونەی كە لە بواری گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە كە لەسەر رێچكەیەكی دروستیشە.

وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان، ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و داوای كرد كە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بواری كولتووری و تەندروستی و بازرگانی پەرە بستێنێت.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان و شاندی یاوەری كرد و گەلی هیندستانی بە گەلێكی مەزن و خاوەن مێژوو وەسف كرد، هەروەها مەهاتما گاندیشی بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەلانی ئازادیخواز و رزگاربوون لە چەوسانەوە لە قەڵەم دا.

سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هیندستان نیشان دا.

هەر لەو دیدارەدا هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی جیهان تاوتووكرا و جەخت لە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و جیهانیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرایەوە.











باسنيوز
Top