فرسەت سۆفی: دڵسۆزی، ڕاستگۆیی و بێلایەنی پەیامی کارکردنمانە
لە ڕێوڕەسمی ئاڵۆگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری هەولێردا کە هاوکات نەوزاد هادی پارێزگاری پێشووی و فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێ ئامادەی بوون، ڕێبەر ئەحمەد، لە وتارێکدا وێڕای سپاس و پێزانین لە کار و چالاکییەکانی نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر، هاوکات پیرۆزبایی لە فرسەت سۆفی کرد.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەمووشمان وەک تیمێک پشت و پەنای یەکتر دەبین لە هەر کار و ئەرکێک کە پێمان بپسێردرێت و هاوکات پیرۆزبایی لە کاک دکتۆر فرسەت سۆفی دەکەم کە ئەویش وەک کادریێکی ئەکادیمی و شارەزای یاسا و کاری جەماوەی لەناو خەڵک پێ گەیشتووە و ئێستاش ئەرکێکی نوێی پێ سپێردراوە کە وەکوو هەموو ئەرکەکانی دیکەی چاوەڕوانی دەکەین سەرکەوتوو بێت".
هاوکات نەوزاد هادی پارێزگاری پێشووی هەولێر گوتی: "بێگومان پارێزگاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و شەرەفێکی گەورەشە کە مرۆڤ بتوانێ خزمەتی ئەو خەڵکە خۆشەویستە و ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بکات".
گوتیشی: "بێگومان بەشێکی زۆر لە کار و بەنامەکانی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی پارێزگاری هەولێرەوە کە وەکوو باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکار کە سەرپەرشتیی فەرمانگەکانی حکوومەت و جێبەجێکردنی بڕیارەکان و سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکات و ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە و ڕەنگدانەوەی تەواوی سەرکەوتنی کارەکانی حکوومەتە".
هاوکات فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا گوتی: "پێش هەموو شتێک دەبێ ستایشی ڕۆڵی کاک نەوزاد هادی بکەین، کەلە ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ لەم پارێزگایە ماندوونەناسانە و لێبڕاوانە شەونخوونی کرد لەپێناوی ئەوەی کە هەولێر پێشکەوتووتر و جوانتر و ئاوەدانتر بێت و پیرۆزبایی ئەرکی نوێی لە سەرۆکایەتیی ەهرێم لێ دەکەین، بەو هیوایەی هەموو کات سەرکەوتوو بێت".
ڕاشی گەیاند: "لێرەوە سپاسی ئەو ستافە دەکەین کە لەگەڵ کاک نەوزاد بوون و ئەوانەش کە ماون و ئەوانەش کە پێشتر کاریان کردووە، لە جێگرەوە بگرە هەتا قایمقام و بەڕێوەبەری قەزا و ناحیەکان کە وەک تیمێکی هاوکار کاریان کردووە، ئێمە سوپاسیاند دەکەین".
پارێزگاری هەولێر ڕاشی گەیاند: "دڵخۆشین کە ئاڵۆگۆڕی ئەم پۆستە ئەمڕۆ بەم شێوازە دەکرێت و هیوادارم هەروەک لە قۆناغی رابردوودا تیمێکی باش بوون، ئێستاش بە هەمان ڕۆحیەت و بگرە بەرزتریش ئێمە پێکەوە تیمێکی کارا و ڕێکوپێک بین، چونکە کەسمان بەتەنیا هیچ نین، چونکە ئەگەر هاوئەهنگ و یەکدەنگ نەبین ناتوانین خزمەتی خەڵکی ئەم پارێزگا خۆشەویستە بکەین".
فرسەت سۆفی گوتیشی: "لێرەوە دەمەوێ دڵنیاتان بکەم، هەروەک دوێنێ لەبەردەم جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ سوێندی یاساییمان خوارد و تێیدا جەخت لەسەر چوار پرسنیپی گرنگ کراوەتەوە و دەمەوێ لەبەردەم ئێوە و لەم ڕێوڕەسمەدا جەخت لەو چوار پرەنسیپە بکەمەوە کە ئەوانیش دڵسۆزی، ڕاستگۆیی، دەستپاکی و بێلایەنییە و دڵنیا بین کە ئێمە لەم پۆست و پێگەیەدا بە بێلایەنی خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێر بە هەموو قەزا و ناحیەکانی دەکەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی تێڕوانینی سیاسی و حزبی و دینی".
ڕاشی گەیاند: "دەمانەوێ هەموو پێکهاتەکانی ئەم پارێزگایە بە هەموو پێکهاتە ئایینی، قەومی و هەموو ئەو خەڵکانەش وەک ئاوارە لێرەن، هەولێر ماڵێکی گەورە بێت بۆ هەموان".
باسنیوز
