لە هەشتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی دهۆک 60 کۆمپانیا بەشدارن

لە هەشتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی دهۆک 60 کۆمپانیا بەشدارن
هەشتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی خواردن، جلوبەرگ وکەلوپەلی نێوماڵ لە دهۆک کرایەوە و بۆ ئەمساڵ 60 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشداریدەکەن.

پێشانگەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. محەممەد میسری، بەشداربوویەکی پێشانگەکەیە لە وڵاتی میسرەوە هاتووە و بە خواردنی کوشەری بەشداری لە پێشانگەکەدا کردووە و دەڵێت: " ئەو خواردنەی من لە پێشانگەکە دامناوە خواردنێکی میسرییە و لە چەند شتێک پێکدێت لەوانە: مەعکەرۆنی، نیسک، نۆک، لب لبی، برنج، شەعریە، پیواز، تاماتە و بیبەری توون".

ئەو کۆمپانیایانەی بەشدارییان کردووە لە وڵاتانی هیندستان، پاکستان، سەنیگال و میسر لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون و بەشدارن لە پێشانگەکەدا.

لە پێشانگەکەدا داشکانی 50% بۆ خواردن و کەلوپەلەکان کراوە و ئەوەش بووەتە جێگەی دڵخۆشی سەردانیکاران.

لە ساڵی 2011ـەوە ئەو پێشانگەیە بە فەرمی لە دهۆک دەکرێتەوە و تەنیا لە ساڵی 2014 و 2017 بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش پێشانگەکە نەکرایەوە.
Top