نێچیرڤان بارزانی: پێویستە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق دۆسیەی گوندی سۆریا یەکلا بکاتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا كە لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ "ئەمڕۆ لە یادى پەنجا ساڵەى کۆمەڵکوژیى گوندى سۆریای ناوچهی زاخۆدا، کە ساڵى 1969 لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە ئەنجام درا و تیایدا 39 کەس لە منداڵ و ژن و پیاوى مەسیحى و موسڵمان پێکەوە شەهید کران و زیاتر لە 20 کەس بریندار بوون، بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە و سەرى ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە "کۆمەڵکوژیى گوندى سۆریا یەکێکى دیکە بوو لەو زنجیرە تاوانەى بێ جیاوازى دەرهەق بە هەموو پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکانى کوردستان ئەنجام دەدران. هەمان ساڵ لە گوندى دەکاى سنوورى ئاکرێش زیاتر لە 70 منداڵ و ژن لە ئەشکەوتێکدا سووتێنران".
لە كۆتایی پەیامەكەشدا هاتووە "لەم یادەدا دووپاتى دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە لانەى پێکەوەژیان و لێبووردەیى بۆ هەمووان دەمێنێتەوە و داواکارین کەیسى گوندی سۆریاش لە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق یەکلا بکرێتەوە و کەسوکارى قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە".
باسنيوز
