نێچیرڤان بارزانی واژۆی لەسەر دیاریکردنی 3ـی ئاب وەک رۆژی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی کرد

نێچیرڤان بارزانی واژۆی لەسەر دیاریکردنی 3ـی ئاب وەک رۆژی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی کرد
دوای دیاریکردنی 3ـی ئاب وەک رۆژی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان "بۆ زیندووڕاگرتن و رێزلێنان لە قوربانییەکان"، بڕیارەکەی واژۆکرد و 3ـی ئابی وەکو رۆژی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی ناساند.

بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەرکردووە، پشت بە حوکمەکانی بڕگەی 1ـی ماددەی 56 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ژمارە 1ـی هەموارکراوی ساڵی 1992 و بڕگەی یەکەم لە ماددەی 77 لە پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبەستێت کە لە پێنج بڕیار پێکهاتووە.

لە بڕیارەکاندا هاتووە: ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژییەی دەرهەق بە کوردانی ئێزدی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوی داعش ئەنجامدراون، تایبەتمەندی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لەخۆدەگرن. دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کۆماری عێراقیش بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوە و دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتی قوربانییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لە ئەستۆ دەگرن.

3ـی ئاب وەکو رۆژی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی دیاریدەکرێت و دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن. کار بە هیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێکیش ناکرێت لەگەڵ حوکمەکانی ئەو بڕیارە ناکۆک بن.

بڕیارەکەش لە رۆژی بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) جێبەجێدەکرێت.

لە هۆیەکانی دەرچواندنی بڕیارەکەشدا هاتووە، بڕیارەکە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دابینکردنی ماف و ئیمتیازات و قەرەبووکردنەوە و کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و رێزلێنان لە قوربانییەکان ئەو بڕیارە دەرکراوە.
Top