حکومەتی عێراق 20 کارگەی ئارد لە هەولێر و دهۆک دادەخات
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی چاودێریی بازرگانی و دارایی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە میانی ئەنجامدانی پشکنینەکان بۆ کارگەکانی ئارد لە سنووری پارێزگای هەولێر 12 کارگەی دروستکردنی ئاردیان داخستوون، ئەوەش بەهۆی بوونی کەموکوڕی و سەرپێچی لە کارکردنی ئەو کارگانەدا.
هاوکات لە سنووری پارێزگای دهۆکیش لیژنەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی نۆ کارگەی ئاردی کردووە و هەشتیانی داخستووە، بەهۆی بوونی ئەسپێ و سەرپێچی لە کارەکانیاندا.
کاکە زیاد ساڵح ئەحمەد، بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵەی هەولێر راگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەوە ئەو 12 کارگەیەی دروستکردنی ئارد کارکردن تێیاندا راگیراوە و سەرقاڵی خاوێنکردنەوەین تاوەکو بەتەواوی پاکدەبنەوە و رۆژی سێشەممە یان چوارشەممە دەست بە کارکردن دەکەنەوە.
لە سنووری پارێزگای هەولێر 15 کارگەی ئارد هەیە و لە سنووری پارێزگای دهۆکیش 13 کارگەی دروستکردنی ئارد هەیە. نەجم عەبدوڵڵا یوسف، بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵەی دهۆک راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە و هەینی، لیژنەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی ئەو کارگانەی کردووە و تێبییانکردووە ئەسپێ لە بەرهەمەکان هەیە بۆیە هەشت کارگەیان داخستووە.
بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵەی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەکیان پێکهێناوە و لێکۆڵینەوە و پشکین دەکەن و گوتیشی، دەبێت ئەو کارگانە بە تەواوی پاکبکرێنەوە دواتر دەست بەکارکردن بکەنەوە.
هاوکات گوتیشی، بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستە هەموو مانگێک کارگەکانی ئارد پاک بکرێنەوە، بەڵام ئەم مانگە بەهۆی ئەوەی کاری زۆریان هەبووە و گەنمی زیادیان بۆ هاتووە بۆیە پاککردنەوەکە دواکەوتووە.
سەرەتای ئەم مانگە لە پارێزگای سلێمانی 10 کارگە داخران و دواتر کرانەوە، رۆژی 3-9-2019محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق راگەیاند، تیمێکی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دارایی وەزارەتی بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی سەرجەم کارگەکانی ئاردیان لە سلێمانی داخستن کە 10 کارگەن، ئەوەش دوای پشکنین کە دەرکەوت ئەسپێ لەنێو ئاردەکەدا هەیە و چەندین سەرپێچی تەکنیکی و جۆرییان تێدایە.
نەسرین محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵەی سلێمانی راگەیاند، ئەو رێوشوێنە، رێوشوێنێکی ئاساییە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق گیراوەتەبەر، ئەو شاندەی وەزارەتی بازرگانی لە بەغدا هاتبوون هیچ کارگەیەکی لە سلێمانی دانەخستووە، بەڵکو هاتوون پشکنینیان بۆ ئەو کارگانە کردووە و لەکاتی پشکنین ئەو کارگانە دەوەستێنرێت تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکە دەردەچێت، ئێستا ئەو کارگانەشی پشکنینیان بۆ کراوە و ئەنجامەکەی دەرچووە دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە.
