عەبدولمەهدی بۆ چارەسەری كێشەی كارەبا لەگەڵ سێ گەورە كۆمپانیای جیهانی كۆدەبێتەوە
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ عەبدولمەهدی لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی كۆمپانیای سیمنزی ئەڵمانی، ئەكوا پاوەری سعوودی و جی ئەی ئەمریكی كۆبووەتەوە، كە هەرسێ كۆمپانیای تایبەتمەندی بواری وەبەرهێنانی كارەبان و لە گەورە كۆمپانیاكانی جیهانن لە بوارەكەدا.
بە گوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سێ دیدارەكەی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیران لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی نەخشەڕێگای كەرتی كارەبا لەم وڵاتەدا، كە لە دوای 2003وە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر چووە.
عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆكی ئەم كۆمپانیایانەدا باسی جێبەجێكردنی پرۆژەی كارەبای كردووە لە عێراقدا، بە تایبەتی لەگەڵ سیمنزی ئەڵمانی، كە دەستی بە پرۆژە كردووە، بە هەمان شێوە داوای پابەندبوونی لە كۆمپانیا ئەمریكیە كرد بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لەبارەی وەبەرهێنانی وزەی كارەباوە.
باسنيوز
