بەغدا.. کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ سەرژمێری لە عێراق بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی٩ی٢٠١٩ لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا کە تێیدا سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و نووری دیلیمی وەزیری پلاندانی عێراق ئامادەی بوون، وەزیری پلاندانانی عێراق گوتی: "بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە تەکنیکییەکان بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا بتوانین لە کاتی دیاریکراودا سەرژمیری بکەین، هەموو لایەک لە چالاکی و هەوڵدان کەلە هەموو ناوچەکانی عێراق سەرژمێری بکرێت".
لەمبارەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری پلاندانانی عێراق، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای سەرژمێریی عێراق و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و هەندێ خاڵی کۆبوونەوەی یەکەم باسیان لەبارەوە کراو و باسی ئامادەکارییەکان کرا".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی دامەزراندنی لیژنە لاوەکییەکانی سەرژمێری لەسەر ئاستی پارێزگا و وەزارەتەکان قسە کرا، هاوکات باسی بوودجەی ئەو پرۆسەیە کرا کە لەڕووی فۆرمەوە چیی تێدا باس بکرێت، هاوکات پەسەندکردنی لۆگۆی سەرژمێری کە ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە".
سیروان محەمەد گوتیشی: "پرۆسەی سەرژمێریی ئەمجارە بە شێوازی ئەلکترۆنی دەبێت و پرۆسەیەکی فراوانە و دەبێ بە وردی کاری لەسەر بکرێت و لەڕووی سیاسی و نەتەوەییشەوە ئەو بابەتە پەیوەدنیی بە لێژنەی باڵای پرۆسەی ڕاپرسییەوە نییە، بەڵکوو لیژنەیەکی دیکەی بۆ دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە و هاوکات لەبەرچاوگرتنی ڕا و سەرنجی پێکهاتەکان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق".
دوایین جار ساڵی 1997 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام درا کە ناوی 19 ملیۆن کەس بەبێ هەرێمی کوردستان تۆمار کران، لە ساڵانی 2007 و 2010، هەوڵی سەرژمێری لە عێراق درا، بەڵام پرۆسەکە شکستی هێنا، ئێستاش حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە بودجەی 200 ملیار دینار، سەرژمێری لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی نسەقامگیربوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی ئەو ناوچانە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ئاوارەبوونی زۆرێک لە دانیشتوانی کورد، نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەوە دایە تاکوو باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە، دوای ئەوە سەرژمێری بکرێت.
باسنيوز
