دوو رۆژە تەرمی هاونیشتمانییەک لە زێی گەورەدا دەرنەهێندراوە

دوو رۆژە تەرمی هاونیشتمانییەک لە زێی گەورەدا دەرنەهێندراوە
بەپێی گرتەڤیدیۆیەک کە پێش خنکانی تۆمارکراوە، کەسێک بانگ لە عەبدولقادر، ئەو پێشمەرگەیەی دوێنێ لە زێی گەورەدا خنکا، دەکات و دەڵێت "لەوە زیاتر نەڕۆیت، باشە؟، ئەویش وەڵامدەداتەوە، ناڕۆم"، بەڵام بە یەکجاری رۆیشت و تاوەکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

عەبدولقادر سلێمان تەمەنی 56 ساڵە، پێشمەرگەیە و خەڵکی گوندی کەڵەکینی سەر بە شارۆچکەی کەسنەزانە، بەمەبەستی گەشت سەردانی چەند هاوڕێیەکی پێشمەرگەی کردووە لە گوندی چەمە، هاوڕێکانی دەڵێن "دوای دانیشتنێکی خۆش بە خواستی خۆی چووەتە ئاوەکەوە و مەلەی کردووە، بەڵام لە ناکاو دەستی بەرزکردووەتەوە و دیار نەماوە".

تاوەکو ئێستا تەرمی عەبدولقادر نەدۆزراوەتەوە، کەسوکار و هاوڕێکانی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هاوکارییان بکات بۆ دەرهێنان و دۆزینەوەی تەرمەکە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک ئەمساڵ 28 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک لە ئاودا خنکاون، تاوەکو ئێستا تەرمی سێ کەس نەبیندراونەتەوە و 22 کەسیش رزگارکراون.
Top