2840 كه‌س بۆ په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك دابدەمەزرێنرێن
دواى زیاتر له دوو ساڵ، حكوومه‌تى عێراق بڕیاری دامه‌زراندنى 2840 كه‌سی بۆ په‌ره‌وه‌رده‌ى كه‌ركووك دا، كه بڕیاره وه‌كوو مامۆستای سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندى و دواناوه‌ندى و فه‌رمانبه‌رى په‌روه‌رده و پاسەوان و شۆفێر دابمه‌زرێنن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ى رێژه‌ى ده‌رچووان له كه‌ركووك زۆره و ماوه‌یه‌كى زۆره دامه‌زراندنیش له پارێزگاكه نییه، تاوه‌كوو ئێستا زیاتر له 40 هه‌زار كه‌س داواكارییان له رێگاى ئه‌نته‌رنێته‌وه بۆ دامه‌زراندن پڕ كردووه‌ته‌وه.
به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له كه‌ركووك ئاشكرای كرد، ڕاسته ده‌رچووان له ڕێگاى ئه‌نته‌رنێته‌وه فۆرمى دامه‌زراندنیان پڕ كردووه‌ته‌وه له كه‌ركووك، به‌ڵام زیاتر له 800 كه‌س له كۆی 2840 كه‌س، كه بڕیاره بۆ سلکى په‌روه‌رده له كه‌ركووك دابمه‌زرێن، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى سه‌ر به پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى كه‌ركووك و حه‌شدى شه‌عبییه‌وه بڕیارى دامه‌زراندنیان بۆ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ش به رێككه‌وتنێكى ژێربه‌ژێره له‌نێوان هەندێ لە بەرپرسانی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق و حه‌شدى شه‌عبی ده‌كرێت، كه جیا له‌و كاسانه فۆرمى دامه‌زراندن پڕ ده‌كه‌نه‌وه، به‌شێك له ده‌رچووان ئه‌گه‌ر مه‌بەستیان بێت ده‌توانن مامه‌ڵه‌ى دامه‌زراندن بده‌نه كه‌سی تایبه‌ت به حه‌شدى شه‌عبی بۆ دامه‌زراندن.
هاوكات سه‌رچاوه‌كه ئاشكراشی كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ى په‌یمانگایان ته‌واو كردووه و ده‌یانه‌وێت وه‌ك مامۆستای سه‌ره‌تایی دابمه‌زرێن، ئه‌وا بڕی 10 هه‌زار دۆلار ده‌ده‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك پێشه‌كیى حەوت هەزار دۆلار و پاشان كه‌ى فه‌رمانى كارگێڕییه‌كه‌ى بۆ هاته‌وه، سێ هەزار دۆلاری تر ده‌دات، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى كه زانكۆیان ته‌واو كردووه و ده‌یانه‌وێت وه‌ك مامۆستاى ناوه‌ندى و دواناوه‌ندى دابمه‌زرێن، ئه‌وان بڕی 12 هه‌زار دۆلار ده‌ده‌ن، به شێوه‌یه‌ك سه‌ره‌تا هەشت هەزار دۆلار و پاشان ئه‌گه‌ر دامه‌زران چوار هەزار دۆلارەکەی تر ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زاییه‌كى زۆرى لێ كه‌وته‌وه.
هه‌روه‌ها، وه‌سفی عاسی، سه‌رۆكى به‌ره‌ى یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی له كه‌ركووك له دیمه‌نێكى ڤیدیۆییدا، كه بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌س قسه ده‌كات، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه دامه‌زراندن له كه‌ركووك به پاره ده‌كرێت و گه‌یشتووه‌ته 12 هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر دامه‌زراندنێك.
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، كه ئه‌و پاره‌یه له‌لایه‌ن ئیداره‌ى كه‌ركووكه‌وه وه‌رده‌گیرێ.
له‌به‌رامبه‌ر دامه‌زراندنى ده‌رچووان به پاره بۆ سلكى په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك، به‌شێكى به‌رچاو له ده‌رچووان و كه‌سوكاریان وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر دامه‌زراندنى ده‌رچووان به پاره، خۆپیشاندانیان له‌نزیك په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك ئه‌نجام دا.
یه‌كێك له خۆپیشانده‌ران به ناوى سامان نو‌عمان ڕای گه‌یاند: "ئه‌و خۆپیشاندانه‌ى ئه‌نجام دران، ده‌رچووانى كورد و عه‌ره‌ب و توركمانى تێدا بوو و پێكه‌وه به یه‌ك ده‌نگ بانگه‌وازمان كرد كه دامه‌زراندن به‌بێ جیاوازى بكرێت و ده‌ستكاریى فۆرمى ئه‌لكترۆنی نه‌كرێت، كه ده‌رچووان له ڕێگاى ئه‌نته‌رنێته‌وه فۆرمى دامه‌زراندیان پڕ كرده‌وه، به‌ڵام ئێستا به‌داخه‌وه له كه‌ركووك خه‌ڵك به پاره به سه‌رووى 10 هه‌زار دۆلار داده‌مه‌زرێنن، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر قسه‌ى ئێمه‌یه، به‌ڵكوو چه‌ندین به‌رپرس ئه‌و قسه‌یه‌یان كردووه و به‌ڵگه‌ى ته‌واویش له‌سه‌ر دامه‌زراندن به پاره هه‌یه و پێشتریش بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى دیكه‌ى كه‌ركووك خه‌ڵك به پاره دامه‌زراوه".
گوتیشی: ”ماوه‌ى هه‌شت ساڵه كۆلێژم ته‌واو كردووه و ده‌یان مامه‌ڵه‌م بۆ دامه‌زراندن پڕ كردووه‌ته‌وه و دانه‌مه‌زرام، كه‌چی زۆر كه‌سی تر هه‌یه دواى منیش كۆلێژیان ته‌واو كرد، ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خزمى به‌رپرسان بوون، دامه‌زران، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا هه‌ر حاڵی منه، به‌ڵكوو حاڵى سه‌دان ده‌رچووى كه‌ركووكه و ئێستاش هیچ به‌رپرسێكى كورد له شاره‌كه نییه، كه پێی بڵێن كار بۆ راگرتنی وه‌رگرتنی بەرتیل بكه‌ن بۆ دامه‌زراندن و هه‌ر شه‌ش نوێنه‌ركه‌ى كه‌ركووكى یه‌كێتی له په‌رله‌مانى عێراقیش بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێستن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پاره، به مه‌به‌ستى دامه‌زراندنیان له‌لایه‌ن ئیداره‌ى كه‌ركووكه‌وه“.
له‌م باره‌یه‌وه، جه‌واد جاسم ڕاگه‌یاند: "ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك هیچ رۆڵێكى نییه له‌و پله وه‌زیفییانه‌ى ئێستا دراون بە دەرچووان، له ڕێگاى ئه‌نته‌رنێته‌وه داواكاریى دامه‌زراندن پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و بڕیاره 2840 كه‌س بۆ په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك دابمه‌زرێن و ئه‌و دامه‌زراندنه ئێستا مشتومڕی زۆرى لێ كه‌وته‌وه و هه‌ندێك لایه‌ن پێشنیاری ئه‌وه‌یان كرد، دامه‌زراندنه‌كه %32ی بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت، ئه‌وه‌ش سه‌رى نه‌گرت".
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى داوا له به‌شێك له ده‌رچووان كراوه له‌به‌رامبه‌ر پاره هه‌ر له سلكى په‌روه‌رده دایانده‌مه‌زرێنن، ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، بابه‌تى پاره خواردن و به‌رتیلدان له عێراقدا هه‌یه و چه‌ند به‌رپرسێك له كه‌ركووك ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه، كه بۆ هه‌ر دامه‌زراندنێك له شاره‌كه گه‌یشتووه‌ته 10 هه‌زار دۆلار (یه‌ك ده‌فته‌ر) ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ى بۆ كارانه‌بوونى ده‌زگاى چاودێری، واتا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها هۆكارێكى تر بۆ فه‌رامۆشكردنى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه و ئێستا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك رۆڵی نییه له‌و بابه‌تانه و ده‌زگاى چاودێریی به‌سه‌ر حكوومه‌تى خۆجێییه‌وه نییه، كه ئه‌مه‌ش ده‌ره‌ئه‌نجامى نه‌رێنیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، ئێستا دۆخى خزمه‌تگوزارییه‌كانیش له كه‌ركووك خراپه و پرۆژه‌كانیش له كه‌ركووك وه‌ك پێویست نیین، هه‌موو ئه‌و كێشه جۆراوجۆرانه به كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك تا ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌بن.
