پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی دادنووسەکان نەگەیشتووەتە وەزارەتی داد
وەزارەتی داد دەڵێت: ئەو نرخەی ئێستاش لەوەی پێشتر نزیکە، رەچاوی بەرژەوەندی هاونیشتمانییان کراوە و سیستەمێکی پێشکەوتووە.
رەسوول عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند "بە دەنگی 28 ئەندام سیستەمی ئەلیکترۆنی دادنووسەکانمان رەتکردەوە، پێشنیازمان کرد لە کۆمپانیای ئیفۆر وەربگیرێتەوە بە شێوەیەکی ئاشکرابدرێت بە کۆمپانیایەکی دیکە، چونکە چەند کۆمپانیایەک ئامادەییان نیشانداوە کە بە کەمتر لە 15 هەزار بیکەن".
نەریمان تالیب، گوتەبێژی وەزارەتی داد لەوبارەوە رایگەیاند "هیچ نووسراوێکمان پێنەگەیشتووە، هەر کاتێک نووسراوێکی فەرمی بگاتە وەزارەتی داد وەڵامی دەدەینەوە".
ئەو 28 ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی ئەوە دەکەن، نرخەکە زۆرە، بارگرانییە لەسەر شانی هاونیشتمانییان، پێویست بوو حکومەت کێشەی رێگەوبان، ئاو و کارەبای چارەسەربکردایە نەک دادنووسەکان کە کێشەنەبووە، بۆیە بڕیارەکە بارگرانییە بۆ هاونیشتمانییان، کەمکردنەوەی نرخەکەشی لە 25 هەزارەوە بۆ 15 هەزار نیشانەی ئەوەیە کە نادادگەری تێدایە و بێجگە لە رووتانەوەی خەڵک هیچی دیکە نییە.
هاوکات گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد لە بارەی نرخی دادنووسەکان روونیکردەوە: نرخی ئێستا 15 هەزار دینارە و نزیکە لەوەی پێشتر لە هاونیشتمانی وەردەگیرا بۆ مامەڵە، بە پارەی فایل، وێنە و کۆپیکردنی ناسنامە و پێداویستییەکان، بەپێی ئەو داتایانەی لایانە هەندێک مامەڵە 18 هەزار دیناری تێچووە پێشتر، بەڵام بەو سیستمە ئەلیکترۆنییە هاونیشتمانی پارەی هیچ کام لەو شتانە نادات، تەنها لە کۆتاییدا کۆپییەکی ئەو مامەڵەی دەدرێتی کە بۆی هاتووە.
کۆمپانیاکە مامەڵەکان لە سێ جێگا هەڵدەگرێت و دەیانپارێزێت: لای دادنووسەکە، فەرمانگە دادییەکان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری.
بە گوتەی وەزارەتی داد، ئەو 15 هەزارەی دانراوە بەرزترین نرخە و نابێت لەوە زیاتر وەربگیرێت. مامەڵەش هەیە کەمتری تێدەچێت.
بە گوتەی رەسوڵ عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی یاسایی، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەپێی ماددەی پێنج لە یاسای ژمارە سێی ساڵی 2009 بۆی هەیە لە سنووری کارگێری خۆی بڕیاربدات، لەبارەی راگرتن و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی حکومەت بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی دادنووس، دەشڵێت "ئێمە تەنها بۆمان هەیە پێشنیاز بکەین ئەگەر بە قسەمان نەکرا دەسەڵاتمان نییە، بەپێی یاسا بڕیاری وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیرانمان پێهەڵناوەشێتەوە".
