لەبەر پەكەكە 60 خێزان ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە
شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ دیاری كرد: "فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند گوند و ئاواییی سنووری شارەدێی قەسرێیان بۆردوومان كردووە، بۆردوومانەكە لەبەر پەكەكە بووە و زیانێكی زۆر بەر خەڵكی گوندەكان كەوتووە. جگە لەوە، تۆڕی كارەبای دۆڵی باڵەییان پچڕاوە و ڕێگای سەرەكیی دۆڵی باڵەییانیش تێک چووە، كە چەند گوندێك پێكەوە دەبەستێتەوە، ئێستا تیمەكان خەریكی چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكان و كارەبان."
حوسێن گوتیشی: "هاووڵاتییەك لە ڕاکردندا قاچێكی شكاوە و، بەشێكی زۆری هاووڵاتیانیش زیانی داراییی زۆریان بەركەوتووە، زیاتر لە 60 خێزانی گوندەكانی دەوروبەری قەسرێ بەتەواوەتی ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە."
بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پەكەكە بووەتە كێشە بۆ هاووڵاتیانی سنووری ئێمە و خەڵك ناتوانن وەكو پێویست بگەڕێنەوە و كاری خۆیان بكەن، خەڵك داوای نەمانی پەكەكە لەو ناوچانە دەكەن، چونكە هۆكاری بۆردوومانكردنی گوندەكان بۆ بوونی پەكەكە لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە".
