به‌رپرسی لقی مووسڵی پارتی: پێویستە حەشدی شەعبی داوای لێبووردن بکات

به‌رپرسی لقی مووسڵی پارتی: پێویستە حەشدی شەعبی داوای لێبووردن بکات
به‌رپرسی لقی مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، بەهۆی ڕەفتاری چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە، دەبێت داوای لێبووردن لە حزبەکەی بکرێت.

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، چەکدارانی لیوای ٣٠ی حەشدی شەعبی لە بازگەی گۆگجەلی لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ، ڕێگەیان لە سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا و شیروان دووپردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گرت و دەستڕێژی گوللەشیان لە کاروانی ئۆتۆمیلەکانیان کرد.

لەمبارەیەوە عه‌لی خه‌لیل بێتكاری، به‌رپرسی لقی 14ی مووسڵی پارتی ڕايگەیاند، خه‌ڵكی مووسڵ به ‌گشتی نیگه‌رانه‌ له‌ ره‌فتاری حه‌شدی شه‌عبی، به‌تایبه‌تیش له‌ بازگه‌ و ناوشاردا.

ڕوونیشی کردەوە کە ڕەفتاری حەشدی شەعبی بەرامبەر بە ئاوارە گەڕاوەکانی مووسڵ خراپە و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی قەرەقۆش و بەرتلە و تلکێف و شوێنەکانی دیکەی سنووری نەینەوا دەدەن.

بەرپرسەکەی پارتی ڕەفتاری حەشدی شەعبی بەرامبەر بە سیروان ڕۆژبەیانی و شێروان دووپردانی بە ”زۆر ناشرین“ وەسف کرد و ڕای گەیاند: ”هەردووکیان كادیری پارتین و هه‌ردووكیشیان پارێزبه‌ندییان هه‌یه‌، نه‌ده‌بوو ئه‌و ره‌فتارەیان بەرامبەر بکرێت“.

بۆیە داوای کرد، بەزووترین کات سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، داوای لێبووردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هەردوو کادیرەکەی پارتی بکات.












باسنيوز
Top