زۆریی گەشتی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ ئێران قەرەباڵغی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران درووست دەکا
لە بەیانیی دوێنێ هەینی ١٣ی ٩ی ٢٠١٩ەوە تاوەکوو نیوەشەوی ڕابردوو، قەرەباڵغییەکی یەکجار زۆر لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران هەبووە و لە کەشێکی سارددا خەڵکێکی زۆر لەدەروازەکە ماونەتەوە.
لەمبارەیەوە سیروان حوسێن، گوتەبێژی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران ڕايگەیاند: "هاتووچۆی گەشتیاران بەردەوامی هەیە“.
ڕوونیشی کردەوە، دوێنێ بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار لە دەروازەکە بوون و دەیانویست لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە ئێران، قەرەباڵغی دروست بووە، بەهۆی ئەوەش کارەکان هەندێک دواکەوتوون، ”بەڵام سیستەم ڕانەوەستاوە".
ئاماژەشی بەوە کرد کە ئاسانکاریی تەواو بۆ هاتوچۆی گەشتیاران دەکەن، هەم لەلایەن ئاسایش و هەم لەلایەنی پاسپۆرتەوە.
گوتەبێژەکەی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران باسی لەوە کرد، ڕێژەی گەشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، لە بەرامبەریشدا ڕێژەی هاتنی کرێکارانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨، بەرز بووەتەوە.
شارەزایانی بواری گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکەن، دابەزینی بەهای دراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران (تومەن) بەرامبەر بە دۆلار، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی چوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئێران.
باسنيوز
