ئەحمەد سەفار: ڕێککەوتن لەسەر بودجە بۆ سێ ساڵ دەبێت

ئەحمەد سەفار: ڕێککەوتن لەسەر بودجە بۆ سێ ساڵ دەبێت
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پێشنیازی ئەوە هەیە کە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدرال ڕێککەوتنێکی سێ ساڵە لەبارەی بودجە بۆ سێ ساڵ بکەن.



ئەحمەد سەفار، ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیاند، گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا لەبارەی پڕۆژەی بودجەی ٢٠٢٠ بەردەوامە و ”لێژنەکان کۆ دەبنەوە“.



لە بارەی ئامادەکردنی پرۆژە بودجەی ٢٠٢٠یش ڕوونی کردەوە: ”ڕێککەوتن لەسەر پرۆژە بودجەی ٢٠٢٠ بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت، ئەم بابەتەش پێشنیاز کراوە“.



لە دوای کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان کە ڕۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوو ئەنجام درا، شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کرد، هەولێر و بەغدا لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ ڕێککەوتن دەکەن.



ئەوەشی روون کردەوە کە ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ و تا کۆتایی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق کاری پێ دەکرێت.



ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم نزیکانەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بکەن و چەند تەوەرێک تاوتوێ بکەن کە یەکێک لەو تەوەرانە، پرسی بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق دەبێت.






باسنیوز
Top