پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی گەیشت

پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی گەیشت
پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە بەغداوە نێردراوەتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانیش دەڵێت "جووتیاران یەکشەممە بچن پارەکانیان وەربگرن".

ئەندازیار محەممەد حەسەن رەسوول، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و دانەوێڵەی پارێزگای سلێمانی راگەیاند "قۆناخی سێیەمی پارەی گەنمی جوتیاران کە بڕەکەی 20 ملیار دۆلارە، گەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی".

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و دانەوێڵەی پارێزگای سلێمانی چەکی بەسەر هەرچوار سایلۆی: سەیدسادق، رانیە، پیرەمەگروون و چەمچەماڵ و هەردوو بنکەی گەرمیان و هەڵەبجە، دابەش کردووە بە گوتەی ئەندازیار محەممەد، جووتیاران دەتوانن یەکشەممە پارەکانیان وەربگرن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و دانەوێڵەی پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەکات، چەکێکی دیکەی 17 ملیار دیناری گەیشتووەتە دەستیان، بەڵام رێکارە بانکییەکان هەفتەیەکی پێویستە و لەکۆتایی هەفتەی داهاتوو ئەو بڕەش بەسەر جووتیاران دابەشدەکرێت".

کۆی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2019 لە سنووری پارێزگای سلێمانی 71 ملیار و 555 ملیۆن دینارە، لەو بڕەش بە چەکە 17 ملیار دینارەکەوە کە ئامادەیە، 52 ملیار دیناری لەلایەن عێراقەوە خەرجکراوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە مانگی داهاتوودا کۆی مافی جووتیاران خەرجبکرێت.

لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستانەوە کە حکومەتی عێراق لە ساڵانی 2014، 2015 و 2016 خەرجی نەکردووە، بڕەکەی 557 ملیار دینارە و تەنها سنووری سلێمانی زیاتر لە 167 ملیار دینارە ئەندازیار محەممەد رایگەیاند "هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام بەو هۆیەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بە بڕیارێک رایگرتووە، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران کۆببێتەوە و بە بڕیارێک، بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی هەڵبوەشێنێتەوە، دواتر عادل عەبدولمەهدی بڕیاری خەرجکردنی بدات، ئەو پرۆسەیەش کاتی دەوێت".
Top