وەزارەتی پلاندانان كار بۆ بەنێودەوڵەتی كردنی KIPA دەکات
ئەمرۆ پێنجشەمە 12-9-2019، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی ئاژانسی كۆریا بۆ هاوكاری مرۆیی و ژمارەیەك لە بەرێوەبەرانی گشتی ئەنستیتۆی كوردستان بۆ كارگیری گشتی (KIPA) بەسەر كردەوە.
وەزیری پلاندانان لە كێشەو گرفتەكانی كۆڵییەوە و دەستخۆشی لە كار و ئەركەكانی بەرێوەبەر و فەرمانبەران كرد كە توانیویانە لەماوەی رابردوو خزمەتیكی زۆر بكەن.
دواتر وەزیری پلاندانان بروانامەی بەشداربوونی بەسەر ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم دابەش كرد كە بەشداربوون لە خولێكی راهێنانی توانا مرۆییەكان.
وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكوومەت و وەزارەتی پلاندانان كرد كە لەم كابینەیە بەگرنگییەوە كار لەسەر پەرەپێدانی توانا مرۆییەكانی فەرمانبەران دەكات.
گوتیشی: "سوپاس و ستایشی ئاژانسی كۆریا بۆ هاوكاری مرۆیی دەكەین KOICA كە ساڵانێكە هاوكار و پالپشتی حكوومەت بوە بەتایبەت لەقۆناغێكی سەخستی دارایی و شەری داعش پرۆژەكانیان لەهەرێم جێبەجێ كرد".
ڕاشیگەیاند: "رۆڵی KIPA گرنگە و دەمانەوێت زیاتر پاڵپشتی بكەین و هەنگاوەكانمان بۆ بەنێودەوڵەتی كردنی بەردەوام دەبێت".
هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد، کە بەرزكردنەوەی ژێرخانی مرۆیی و پەرەپێدانی كارگێری و ڕاهێنانی فەرمانبەران و پاڵپشتی كردنی كەرتی تایبەت كاری زیاتری بۆدەكەین، بۆئەوەی بەرێوەبردنێكی سەردەمیانە بێتە كایەوە و دامەزراوەكانی حكوومەتیش سوود لە لێهاتووی فەرمانبەران وەربگرن.
باسنيوز
