عیرفان کەرکوکلی: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تەعریبێکی بەرنامەبۆدانراو لە کەرکووک کراوە“
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای دەکات، لەم قۆناخەدا سەرژمێری بکرێت، دیمۆگرافیای کەرکووک دەگۆڕدرێت.
عیرفان کەرکوکلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کە بە رەگەز تورکمانە و ئەندامی لیستی برایەتییە، لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە تەعرێبێکی بە بەرنامە دارێژراو دەستی پێکردووە، ھەزاران خێزانی عەرەب لە سنووری کەرکووک نیشتەجێکراون.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە جگە لە خێزانە عەرەبەکان هاوردەکان، خێزان و منداڵ و نەوەکانی لایەنگر و چەکدارانی داعشیش لە سنووری کەرکووک جێگیر دەکرێن، ناسنامە و فۆرمی خۆراکیان بۆ کەرکووک دەگوازرێتەوە، ”ئەمەش مەترسی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک ھەیە“.
بە بڕوای کەرکوکلی، ئەگەر دۆخی کەروکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی نەکرێتەوە، ئەنجامدانی سەرژمێری مەترسییە و دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە دەگۆڕدرێت.
ئەو بەرپرسەی تورکمان داوا دەکات، سەرژمێری نەکرێت تا دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکرێتەوە و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت، ئینجا سەرژمێری بکرێت.
رۆژی چوارشەممە ١١ی ٩ی ٢٠١٩، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رای گەیاند، ھەفتەی داھاتوو شاندێکی حکوومەت دەچێتە بەغدا و لە بارەی پرسی بودجە و ئەنجامدانی سەرژمێری لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ دەکەن.
باسنیوز
