سلێمانی؛ بەشەناوخۆییەکان بەڕوى خوێندکاراندا دەکرێنەوە و بە 6 خوێندکار تەنها 1 ژوریان بەردەکەوێت

سلێمانی؛ بەشەناوخۆییەکان بەڕوى خوێندکاراندا دەکرێنەوە و بە 6 خوێندکار تەنها 1 ژوریان بەردەکەوێت
بەڕێوبەرایەتى بەشەناوخۆییەکانى ناوشارى سلێمانى، ئاگاداری خوێندكارانى بەشەناوخۆیەكانی پێنج بەشی زانکۆی سلێمانی دەکات "رێکەوتی 14/9/2019 دەست دەكرێت بە دابەشكردنی بەشەناوخۆییەكانی ناوشار".

بەگوێرەی ئاگاداریەک، كۆلێژەكانی پەرستاری، دەرمانسازی، ڤێتەرنەری، ددان و پزیشكی گشتی رۆژی شەمە رێکەوتی 14/9/2019 دەرگای بەشە ناوخۆییەکانیان بەرودا دەکرێتەوە.

بەرێوبەرایەتى بەشەناوخۆییەکانى ناوشار ئاماژەى بەوەداوە کە پێویستە رۆژی شەممە، کاتژمێر نۆی سەر لەبەیانی کچە خوێندکارەکان لە بەشەناوخۆیی ئیسكانی كچان و كورانیش لە بەشی دوی بەشەناوخۆیی مەجید بەگ ئامادەبن بۆ وەرگرتنى بەشی ناوخۆیی.

لەراگەیەندراوەکەیدا، بەرێوبەرایەتى بەشەناوخۆییەکانى مەرجەکانى وەرگرتنى بەشەناوخۆییەکانى بڵاو کردوەتەوە کەبەمشێوەیەى خوارەوەیە.

ڕێنمایی و مەرجەكان:

یەكەم:
تەنها ئەو خوێندكارانە مافی وەرگرتنی بەشی ناوخۆییان هەیە كە ساڵی رابردو ناویان تۆمار كراوە و بەشى ناوخۆییان وەرگرتوە.

دوەم:
پێویستە خوێندكار لەگەڵ خۆیدا باجی زانكۆ و كارتی زانیاری پێبێت، هەر خوێندكارێك باجی زانكۆی نەبوو پێناسی باری شارستانی، هەر خوێندكارێكیش بە هەر هۆكارێك نەیتوانی خۆی ئامادە بێت كارئاسانی بۆ دەكەین بەو مەرجەی هاورێكەی پێناس و كارتی زانیاری ئەو خوێندكارەی پێبێت.

سێیەم:
هیچ بڕە پارەیەك لە خوێندكاران وەرناگیرێت.

چوارەم:
هەر خوێندكارێك پێویستە لەگەڵ خۆیدا بەتانی و دۆشەك و سەرین لە ماڵەوە بهێنێت.

پێنجەم:
بەشی ناوخۆیی ئیسكانی كچان ( جەناحی یەك، دوو، سێ) خوێندكاران بە چوار كەسی و شەش كەسی دەتوانن ژورێك وەربگرن، عەلی كەمالی كچان هەموی بە شەش كەسی دابەش دەكرێت، قەزازی كچان چوار خوێندكار پێكەوە ژورێك وەردەگرن.

هەرچی كورانی بەشە پزیشكیەكانە، لە مەجیدبەگ بەشی یەك و دو بە شەش خوێندكارەوە دەتوانن ژورێك وەربگرن.
Top