یاسایەکی پەرلەمانی عێراق زیان لە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەدات
شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند بە پێی یاسای ھەموارکراوی بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠، ھەرێمی کوردستان دەبێت پڕۆژە یاسای خۆی ئامادە بکات و پەسندی بکات، ئەوجار بینێرێتە پەرلەمانی عێراق و لەوێش بڕگە بڕگە دەنگی لەسەر بدرێت.
شێروان میرزا گوتیشی ئەوە زیانی زۆر لە ھەرێمی کوردستان دەدا، چونکە لەوانەیە زۆر بڕگەی ناو پڕۆژەکە ڕەت بکرێنەوە، لە کاتێکدا لەوانەیە شتی گرنگ بن بۆ ھەرێمی کوردستان.
شێروان میرزا باسی لەوەش کرد کە لە میانی کۆبوونەوەی چەند ڕۆژ پێش ئێستەیان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشنیازیان کرد کە لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تانە لەو بڕیارە بدەن، یان دەکرێ شاندی ھەرێمی کوردستان کە لەو ڕۆژانە دەچێتە عێراق، یەکێک لە داواکارییەکانی ھەڵگرتنی ئەو بڕیار و مەرجەی تایبەت بە بودجە بێت.
