هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا ده‌کات.

جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند سەردانەكە بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری لەسەر پرسی بودجە و بەشداریی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەبێت.

گوتەبێژی حکوومەت دووپاتی كردەوە هەرێمی کوردستان به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور نیازی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵدا هەیە له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كێشه‌كان.

لەبارەی ئامانج و كارنامه‌ی سه‌ردانی شانده‌كه‌ش، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە پرسگه‌لێك هه‌ن پێویستیان بە چاره‌سه‌ری هەیە له‌گه‌ڵ به‌غدا، گرنگترینیان پرسی بودجه‌ و ئه‌و كێشانه‌ن كه‌ تا ئێستە له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی پڕۆژەی سەرژمێریشەوە لە عێراق، کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند لێژنەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە رەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە پێكده‌هێندرێت، گوتیشی لەمبارەوە داوای جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌كه‌ن.












باسنيوز
Top