قەرەیلان هەدەپە بە پشتکردنە گەریلاکانی پەکەکە تۆمەتبار دەکا
موراد قەرەیلان، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی (دەنگی وڵات)، ئاماژەی بە شەڕی خەندەقان لە ساڵی ٢٠١٥ داوە کە لە نێوان پەکەکە و تورکیا لە خاکی باکووری کوردستان بەڕێوە چوو، لە ئەنجامیشدا شەڕێکی چڕ لە چەندان شاری باکووری کوردستان ڕووی دا.
ڕوونیشی کردووەتەوە، ڕێککەوتنی (دۆلمەباخچە - پرۆسەی چارەسەری) بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ئەنجام درابوو، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆگان، بۆ سەرۆکایەتیی خۆی، پێشی لە ڕێککەوتنەکە گرتووە. هاوکات ئەردۆگانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئاگاداری تەقینەوەکانی (دیاربەکر، سرووچ و ئەنقەرە) بووە کە بە دەستی داعش ئەنجام دراون.
ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبردنی پەكەكە رەخنەی توندی لە ھەدەپە گرتووە و جەختی کردووەتەوە، لە سەردەمی شەڕی خەندەقاندا، ھەدەپە پشتی لە گەریلاكانی پەكەكە كردووە و بەو ھۆیەشەوە 60 شەڕڤانیان لە شارۆچكەی سووری دیاربەكر بە تەنیا ماونەتەوە.
دووپاتیشی کردووەتەوە: “ھەدەپە پشتیوانی لە شەڕی خەندەقان نەكرد، بە دوودڵییەوە مامەڵەی دەكرد و بەوەش بۆچوونی خەڵكی تێكەڵ كرد".
باسنيوز
