نەوزاد هادی: بەبەهای 10 ملیار دۆلار پرۆژە لە هەولێر جێبەجێکراون
دوای مانەوەی نزیکەی 15 ساڵ لە پۆستەکەی، نەوزاد هادی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، بڕیارە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پۆستێکی نوێ وەربگرێت.
لەو کاتەوەی نەوزاد هادی بووەتە پارێزگاری هەولێر بەگوتەی خۆی تاوەکو ئێستا بە بەهای 10 ملیار دۆلار پرۆژە لە سنووری هەولێر ئەنجادراون، سەرمایەی وەبەرهێنان گەیشتووەتە 28 ملیار دۆلار.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەپێی یاسای پارێزگاکان، پێشنیازی فرسەت سۆفی، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کردووە بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر.
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە (12-9-2019)ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر بەربژێری نوێی پارێزگاری هەولێر دەدرێت، دەبێت 16 ئەندامی ئەنجوومەن دەنگی پێبدەن، دواتر ناوەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی هەرێمیی بۆ دەربکرێت.
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر راگەیاند: رۆژی پینجشەممە ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ هەولێر. رۆژی یەکشەممەش دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ دەردەکات، دەچێتە ئۆفیس و یەکەم بڕیار بە واژۆی پارێزگارێکی تازەوە دەردەچێت.
فرسەت سۆفی، دکتۆرای لە یاسای گشتیدا هەیە، مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتاری پارتی بووە لە خولی رابردوو، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بوو و تاکە پارلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانە کە مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانی رەتکردەوە.
