ئەندامێكی تیمی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان هۆكاری سستی كارەكانیان ئاشكرا دەكات
ئەنوەر عومەر ئەندامی تیمی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەکان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ڕاگەیاند: بە ھۆی بوونی گرووپە تیرۆریستیەکان و بە بیابانبوونی شوێنی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، تا ئێستە نەتوانراوە ڕووپێویەکی وردی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق بکرێ و بزاندرێ چەندن و لە کوێن.
گوتیشی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە کە شوێنەکانیان دیارە، ھەڵدانەوەیان خاوی تێدا دەکرێت، ھەرچەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێ تەواوی ڕوفاتی ئەنفالکراوان دەربھێندرێ و بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەست دەکەن کۆمەڵێک خەڵک کە دەستیان لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ئەنفالکردندا ھەبووە و زۆرینەشیان بەعسین، ترسیان لە دادگاییکردنی نێودەوڵەتی ھەیە، گرفت دەخەنە پێش خێرا بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.
ئەنوەر عومەر دڵنیایشی دایە کەسوکاری ئەنفالکراوان کە جگە لە تیمی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە ڕەزامەندی ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراقی لەسەرە، ھیچ کەس و لایەنێکی دیكە ناتوانن و بۆیان نیە گۆڕە بە کۆمەڵەکان ھەڵبدەنەوە و ئەنجامدانی کاری لەو شێوەیە سزای بۆ دانراوە.
