مەسروور بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین شۆڕشی کورد بوو
بەبۆنەی 58 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول کە 11ـی ئەیلوولی 1961 دەستیپێکرد و سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە، مەسروور بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند "بەها و پرنسیپە بەنرخەکانی ئەو شۆڕشەشمان لە یادن، وەک خۆڕاگری و پێکەوەژیان و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان کە هەمیشە جێی شانازیمانن و ئومێدەوارین هەر بە زیندوویی بمێننەوە".
دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی بەبۆنەی شۆڕشی ئەیلوول:
ئەمڕۆ پەنجا و هەشت ساڵ بە سەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول تێدەپەڕێت کە بە درێژترین و مەزنترین شۆڕشی گەلی کوردستان دادەنرێت بە سەرکردایەتی رێبەری نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی نەمر .
شۆڕشی مەزنی ئەیلول کە لە یازدەی ئەیلولی 1961 دەستی پێکرد و سەرتاسەری کوردستان گرتەوە و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد ، گەورەترین شۆڕشی خەڵکی کوردستان بوو دژی ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لە ژێر یەک سەرکردایەتیدا رووبەڕووی ستەمکاریی بوونەوە و کوردستان ببووە پەناگەی هەمووی ئازادیخوازانی عێراق.
ئێمە لەکاتێکدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە و پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرە بەشدارەکانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە ، بەها و پرنسیپە بە نرخەکانی ئەو شۆڕشەشمان لە یادن وەک خۆڕاگری و پێکەوەژیان و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان کە هەمیشە جێی شانازیمانن و ئومێدەوارین هەر بە زیندوویی بمێننەوە و خەڵکی کوردستانیش بە هەمان گیانی تەبایی و یەکڕیزی پارێزگاری و داکۆکی لە ماف و دەسکەوتەکانیان بکەن .
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و
سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
