زانیاری لەبارەی كاتى كردنەوەی تونێلی پیرمام دەخرێته‌ ڕوو

زانیاری لەبارەی كاتى كردنەوەی تونێلی پیرمام دەخرێته‌ ڕوو
بەڕێوەبەری شارەدێی سەلاحەدین ڕای دەگەیەنێت، كە ٩٠٪ی كارەكانی تونێلی پیرمام تەواو بووە.

جەنگاوەر ئاژگەیی، بەڕێوەبەری شارەدێی سەلاحەدین ڕايگەیاند: ”ئێستا ٩٠٪ی كارەكانی تونێلی پیرمام تەواو بووە، قیرتاوكردنی ناو تونێلەكە تا دەربەندی كۆڕێ تەواو بووە، تەنیا چەند كارێك ماوە ئەویش پەیوەندیدارە بە هەوا و ئینارەكانی ناو تونێلەكە، كەلوپەلە پێویستەكانیشی پێش جەژنی قوربان بۆ هێنراوە، بەڵام بەستنی ئەوانە ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت، لەبەر ئەوەی هەر لایەك لە تونێلەكە دوو كیلیۆمتر و نیوە واتە هەردوولا پێنج كیلۆمەترە“.

ئه‌وه‌شى خستە ڕوو كە پێش جەژنی قوربان سەردانی تونێلەكەی كردووە، گوتی: ”لەگەڵ ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەكەدا قسەم كرد، تەنیا كاری ناو تونێلەكە سێ مانگ دەخایەنێت تا تەواو دەبێت، جیا لەوەش كارەبای ناو تونێلەكە ده‌به‌سترێت، هەروەها هاتوچۆ بۆ كۆڕێ و پیرمام ده‌به‌سترێته‌وه‌، هەندێك سووڕانەوەشی تێدایە كە ئەویش كاتی دەوێت“.

بەڕێوەبەری شارەدێی سەلاحەدین پێشبینی دەكات كە بۆ سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٠ كارەكانی تونێلی پیرمام تەواو دەبێت و بەڕووی هاووڵاتییان بكرێتەوە، ئاشكراشی كرد: ”هیچ وادەیەك لەلایەن سەرپەرشتیارانییەوە بۆ تەواوبوونی پرۆژەكە دیاری نەكراوە، بەڵام من پێشبنی ئەوە دەكەم كە بۆ سەری ساڵى نوێ كارەكانی تەواو ببێت“.

جەنگاوەر ئاژگەیی ڕوونیشی كردەوە كە بڕیار بوو لە ساڵی ٢٠١٥دا پرۆژەی تونێلی پیرمام كارەكانی تەواو ببێت، "بەڵام به‌هۆی شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی داراییەوە، كارەكانی تەواو نەبوون".













باسنيوز
Top