مەسرور بارزانی: نابێ سەرژمێریی دانیشتووان بۆ ئامانجی سیاسی لە دژی پێکهاتەکان بەکار بهێنرێ
ئەمڕۆ سێشەممە 2019/9/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نووری سەباح دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جێگیر و سەرکەوتووە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق. گوتیشی ”ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر ببن“.
لەلایەن خۆشیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لە سەر بنەمای دەستوور.
هیوای ئەوەشی خواست، سەردەمێکی ئەرێنی و نوێ لە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، بە شێوەیەک کە شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لەبەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ لە بارەی سەرژمێری دانیشتووان کرا کە بڕیارە ساڵی 2020 لە عێراق ئەنجام بدرێت. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرژمێری کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پلاندانان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لە سەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لە بەرچاو بگێرێن. گوتیشی ”نابێ سەرژمێری وەکوو کارتێکی سیاسی لە دژی هیچ پێکهاتەیەک بەکار بهێنرێت“.
باسنيوز
