نەوزاد هادی: فرسەت سۆفی کاندیدی پارتییە بۆ پارێزگاری هەولێر

نەوزاد هادی: فرسەت سۆفی کاندیدی پارتییە بۆ پارێزگاری هەولێر
پارێزگاری هەولێر پاش زیاتر لە ١٥ ساڵ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە ئەمڕۆ سێشەممە لە پرێس کۆنفرانسێک و لە کاتی ماڵاواییکردن لە پۆستەکەی، سپاسی سەرۆک بارزانی و هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی فرسەت سۆفی کاندیدی پارتییە بۆ پارێزگاری هەولێر.

نەوزادی هادی گوتی: "سپاستان دەکەم کە لەو ماوەیەدا ئەو شانازییەتان پێ بەخشیم و ئەم پۆستەم هەتا ئێستا هێناوە، هەروەک دەزانن دوای کارەساتی یەکی شوبات، ئەو کارەساتەی کە شێوازێکی نوێی دوژمنەکان بوو بۆ دوژمنایەتی و تێیدا کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی خۆشەویستی ئەم شارە تێیدا شەهید بوون، کە ئامانجیان بۆ کپکردنی دەنگی ئێمە بوو، بەڵام هەموومان بە ئیرادەیەکی کوردانە هەستاینەوە و خزمەتمان کرد و سەرمان بەرز مایەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتانەی هاتنە بەردەممان خزمەتی وڵاتەکەمان کرد و بەو ئیرادە و قەناعەتەوە کە بە سوپاسەوە بۆ سەرۆک بارزانی و جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەوکات من کە ئەوکات بریکاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بووم، بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان کرد و هەردەم پاڵپشتم بووە سپاس بۆ ئەم متمانەیە و ئەمنیش بەش بەحاڵی خۆم لە سۆنگەی بڕوابوون بە دۆزی کورد بڕوابوون بەوەی کە ئێەمش دەتوانین وەک وڵاتانی دیکە پایتەختەکانیان پێش بخەن، بە هەموو دامودەزگاکانەوە خزمەتی شار و پارێزگای هەولێرمان کرد.".

دواتر ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمن لە ساڵی 2004ەوە هەتا ئەمڕۆ کە زیاتر لە ١٥ ساڵ پۆستی پارێزگاری هەولێر (پایتەختی هەرێمی کوردستان)م لە ئەستۆ بووە، لە ئەمڕۆ ئەرک و پۆستەکەم دەسپێرمە برای بەڕێزم کاک فرسەت سۆفی و هیوادارم لە کارەکانیدا سەرفەراز بێت و پێم وایە خزمەتکردن عیبادەتە و دەرفەتیش زۆر گرنگە و ئەم شانسەم هەبووە لەم شارە ڕەنگینە خزمەت بکەم".

دواتر نەوزاد هادی سپاسی هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو دامودەزگا حزبی و حکوومییەکان و سەرجەم بەڕێوەبەرانی قەزا و ناحیەکان و سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای هەولێر و خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد و پاشان گوتی: هیوای سەرکەوتن بۆ د. فرسەت سۆفی دەخوازم و بەڵێن دەدەم هاوکاری بم لەم ئەرک و خزمەتە گرنگەی کە کەوتووەتە سەرشانی".












باسنيوز
Top